نوێترین

recent

10/06/2019

لاهورى شێخ جەنگى بۆچى بایکۆتى مەراسیمى سوێندخواردنى نێچیرڤان بارزانى کرد؟




وڵات _ تایبەت
لاهورى شێخ جەنگى، سەربارى ئەوەى بەفەرمى بانگهێشتى پڕۆسەى سوێندخواردنى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بوو، بەڵام بەهۆى یەکلاینەکردنەوەى پرسى کەرکوک ئامادەنەبوو بەشدارى ئەو پڕۆسەیە بێت.


ئەمڕۆ ١٠ى حوزەیرانى ٢٠١٩ لە مەراسێمکدا بەئامادەبوونى بەرپرسانى باڵاى پارتە سیاسیەکان و بەرپرسانى عێراق و هەرێمى کوردستان نێچیرڤان بارزانى سوێندى یاسایى خوارد.




سەرچاوەیەکى تایبەت لە یەکێتى نیشتمانى کوردستات تایبەت بە، وڵات_ى ڕاگەیاند، لاهور شێخ جەنگى، سەرۆکى ئاژانسى پاراستن و زانیارى _ زانیارى ئامادەنەبووە بەشداربێت لە پڕۆسەى دەنگدان بۆ سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ووتى: "بڕواى شێخ لاهور ئەوەبووە ئەو ناتوانێت بچێتە ناو مەراسیمێکەوە لەکاتێکدا خەڵکى کەرکوک بەدانانى پارێزگار دڵخۆش نەکراوە، کاندیدى یەکێتى بۆ ئەو پۆستە یەکلایى نەکراوەتەوە، بۆیە بەهیچ شێوەیەک ئامادەنەبوو بەشدارى پڕۆسەى هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بکات".

لاهور شێخ جەنگى: ناتوانم بچمە مەراسيمێکەوە، کە دڵى کەرکوکیەکان خۆش نیە بەدانانى پارێزگارەکەیان

بەگوێرەى زانیارییەکان، بەرپرسانى پارتى و یەکێتى بەلایانەوە گرنگ بووە، لاهور شێخ جەنگى هاوشێوەى قوباد تاڵەبانى و بافڵ تاڵەبانى بەشداربێت لەو پڕۆسەیەدا، چونکە بڕوایان وایە هیچ مەلەفێکى تایبەت بەیەکێتى بەبێ ڕەزامەندى ئەو تێپەڕاندنى قورسە ، بەتایبەت پرسى دانانى پارێزگارى کەرکوک کە لاهور شێخ جەنگى زۆر جەختى لەسەر دەکاتەوە دەیەوێت بەبەرژەوەندى یەکێتى و خەڵکى کەرکوک پارێزگار دابنرێت نەوەکو بەبەرژەوەندى پارتى کە خواستیان بوو فەرەیدوون عەبدولقادر دابنرێت.

پێشتر چەند کادیرێکى یەکێتى نیگەران بوو لەبەشدارى وەفدى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و بڕوایان وابوو بەبێ یەکلایکردنەوەى پرسى کەرکوک بەشدارى یەکێتى جۆرێک لەسازش پیشان دەدات.





ڕێبوار هەژار کەسایەتى نزیک لە بەرهەم ساڵح  سەرۆککۆمارى عێراق و جێگرى سکرتێرى گشتى یەکێتى بەهۆى ئەوەى پارتى لەکاتى بوون بە سەرۆککۆمار پیرۆزبایى نەکردبوو، باوەڕى وابوو دەبێت ئەو پڕۆسەیە بایکۆت بکات، دەڵێت: "پێویستبوو کاک بەرهەم نەڕوات بۆ مەڕاسیمى سوێندخواردنى سەرۆکى هەرێمى کوردستان".

هاوکاتى ئەوەش قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەت پێشوازى لە میوانانى مەراسیمى سوێنخواردنى سەرۆکى هەرێم دەکرد، بەگوێرەى چەند وێنەیەک کە بڵاوکراونەتەوە قوباد تاڵەبانى شان بەشانى نێچیرڤان بارزانى پێشوازى لە محمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق دەکات، وەکو خانە خوێ دەردەکەوێت.

قوباد تاڵەبانى لە پێشوازى میوانەکانى نێچیرڤان بارزانى دەرکەوت

سەرچاوەیەکى ڕۆژنامەوانى لەپارتى دیموکراتى کوردستان تایبەتن بەوڵات _ى ڕاگەیاند: "پارتى بۆى ڕوون بووتەوە ئێستا بەفعلى سەرکردایەتى یەکێتى لۆبى بەهێزى بەدەست چەند کەسایەتیکى ئەو حیزبەوەیە ئەوان دەتوانن کەیسەکان یەکلایى بکەنەوە، کە لەسەرو هەمویانەو لاهور شێخ جەنگى پاشان بافڵ تاڵەبانی، بۆیە پارتى ناتوانێت ئەو کەسایەتیانە ببورێت، چونکە دەبنە کێشە بۆى لەهەر پرسێک پارتى پێویستى بەوبێت بەهاوکارى یەکێتى تێپەڕى بکات".



ئەوەشیان زیاتر بۆ دەرکەوت کە پارتى لەبەرامبەر لۆبى ئەو دوو کەسایەتیەدا لەبەغداد نەیتوانى فوئاد حسێن بکەن بە سەرۆککۆمارى عێراق، لەکاتێکدا خودى نێچیرڤان بارزانى خۆى سەرپەرشتى ئۆپراسیۆنەکەى لەبەغداد دەکرد.

یەکێتى چۆن چووە بۆ مەراسیمەکە؟

بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات بەهۆى نێوەندگیرى سەڵاحەدین بەهادین و محمەدى حاجى مەحمودەوە یەکێتى قایل بووە کە بچێتە مەڕاسیمەکەوە، ئەوەش لەسەر ئەو بنەمایەى کەبەڵێن هەیە لەلایەن مەسعود بارزانیەوە یەکێک لەو پێنج کاندیدەى کە دراون بەپارتى بەیەکێکیان قایل بێت، کە ئەگەرى زۆرە لیوا جەمال تاهیر بێت، بەڵام بەشێک لەسەرکردەکانى یەکێتى بڕوایان بەم بەڵێنەى پارتى نەکردووە نەچوون بۆ مەراسیمەکە بڕوایان وابووە کە دەبوو پێش مەراسیمەکە پارتى دڵنیایى بدایەو ڕێکەوتن بکرایە.


Picsart-24-02-23-21-31-09-085