نوێترین

recent

12/06/2019

چیا و نما؛ دەرکەوتنى بنەماڵەى سێهەم لەکوردستان





وڵات _ تایبەت    
ئێستا بەشێکى زۆرى گۆڕان هیچ گومانیان لەوەدا نەماوە، چیا و نماى کوڕى ڕابەرى کۆچکردوى گۆڕان نەوشیروان موستەفا نوێنەرایەتى بنەماڵەکەیان دەکەن لەناو گۆڕان و ئەوەش وەکو دەرکەوتنى بنەماڵەى سێهەم لێکدەدرێتەوە.





قادرى حاجى عەلى هەڵسوڕاى پێشوى دیارى بزوتنەوەى گۆڕان و هاوڕێى دێرینى نەوشیروان موستەفا ئێستا لەگەڵ عوسمانى حاجى مەحمود ڕابەرایەتى ڕەوتێکى نوێ دەکەن لەناو گۆڕان، ئەو چیرۆکى نێوان خۆى و نەوشیروان موستەفا دەگێڕێتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، كاتی دامەزراندنی كۆمپانیای وشەو پاشان بزوتنەوەی گۆڕان ڕەنگە هەندێك جیاوازی لاوەكی لەبۆچونیان هەبوبێت لەگەڵ خوا لێخۆشبوو نەوشیرواندا، بەڵام دوو مەسەلەی زۆر گرنگ هەبوو كە هەموویان لەسەری كۆك بوون، بەووتەى ئەو هەمیشە بەڕێزی دووپاتی دەكردەوە كە خەباتی بۆ بكەن: یەكەمیان دژایەتی گەندەڵی لەكوردستاندا، دووەمیان ڕێگە نەدان بەبنەماڵە‌و بەخێزان بوونی سیستم‌و سیاسەت بەگشتی لەكوردستاندا، دەڵێت: " زۆر بەداخەوە ئێستا لەهەموو حزبێك زیاتر ئەم دیاردانە بەگۆڕانەوە دیارە، ئەمەش ناكۆكی جەوهەریمانە لەگەڵ گۆڕانی ئێستا".

قادرى حاجى عەلى: ئێستا زیاتر لەهەر حیزبێک گۆڕان بەبنەماڵەبوونى پێوەدیارە

ئەم ووتانەى قادرى حاجى عەلى لەکاتێکدایە ئێستا ئەو و سەدان هەڵسوڕاوى دیکەى گۆڕان یان وازیان هێناوە یان لەماڵەوە دانیشتوون، ڕۆژ بەڕۆژ گۆڕان ناکۆکى زیاتر بەخوە دەبینى بەهۆى زیاتر کۆنترۆڵکردنى دارایى و ڕێکخستن و ڕاگەیاندنى گردى زەرگەتە لەلایەن (هەردوو کوڕەکەى نەوشیروان موستەفاوە).

بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات _ چیا نەوشیروان موستەفا ئێستا بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ لەبرى عومەرى سەید عەلى ڕێکخەرى گۆڕان لە سێبەردا سەرپەرشتى بزوتنەوەى گۆڕان دەکات، ئەوەش کاتێک دەرکەوت شەوى ١١ حوزەیرانى ٢٠١٩ بافڵ تاڵەبانى کە نیگەران بووە لە ڕاگەیاندنى کەى ئێن ئێن لەبرى ڕێکخەرى گشتى پەیوەندى بەچیاوە کردووە.

چیا نەوشیروان موستەفا لەکاتى پێشوازیکردنى لەمامۆستایەکى ئاینى

 
ئارام ئەحمەد پێشتر هەڵسوڕاوى بزوتنەوەى گۆڕان بووە، ئەو ئێستا دژى سیاسەتى گۆڕان و کوڕانى نەوشیروان موستەفایە، هەمان ڕەخنە دووپات دەکاتەوە و دەڵێت: "من پێم سەیرە بافڵ تاڵەبانى بۆچى لەبرى عومەرى سەید عەلى تەلەفۆن بۆ چیا نەوشیروان موستەفا دەکات".

ئەم قسەى ئارام ئەحمەد وەکو ڕەخنە و توانجە لەوەى ئێستا ئەو وەکو ڕێکخەرى گشتى مامەڵە دەکات.

هەر بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات_ ئێستا تۆڕى میدیاى گۆڕان، داهاتى کۆمپانیاى ووشە، ڕۆژنامەى زەمەن و پەیجە سێبەرەکانى بزوتنەوەى گۆڕان هەموویان لەدەستى چیا نەوشیروان موستەفادان، بەسیاسەت و داهاتى ئەو ئاڕاستە دەکرێت.

"داهات و میدیا و ڕێکخستنى گۆڕان لەدەستى چیا و نمادایە"

ئەمە جگە لەوەى ئێستا ڕۆژانە هەردوو کوڕەکەى نەوشیروان موستەفا ڕۆژانە چاویان بەچین و توێژە جیاوازەکان دەکەوێت لەوانەش بەمامۆستایانى ئاینى و شیخەکان و ڕۆژنامەنوسان کە ڕۆژى ٢٦ى مانگى ئایارى ڕابردوو بەربانگى بۆ کردنەوە.

سەرچاوەیەک لەناو بزوتنەوەى گۆڕان تایبەت بە وڵات _ى ووت: "لەئاستى ڕێکخەرى گشتى و خانەى ڕاپەڕاندن  بەتایبەت محمەد تۆفیق ڕەحیم کە دەکاتە خاڵیان ئاسانکارییەکى تەواو کراوە بۆ چیا و نما بۆ ئەوەى بچنە پێشەوە، تەنانەت دەرکردنى بڕیارى لێپێچینەوە و سزادانى ئەو کەسانەى ڕەخنە دەگرن لە جڤاتى نیشتمانى پەیوەست بووە بەوانەوە، بۆ بەرژەوەندى ئەوانە لەپێناو ئەوەى ئەگەر لەکۆنفرەنسى داهاتوودا هاتنە پێشەوە ناڕەزایەتى دژیان نەبێت".
 
چیا و نما لەکاتى تەماشاکردنى پڕۆژەیەک، لەگەڵ بازرگانێکى سلێمانى


لەلایەکى دیکەشەوە هەردوو کوڕەکە ئێستا سەرقاڵى پڕۆژە ئابورییەکانى گردەکەن و تەنانەت کۆمپانیایەکیان بەناوى (شۆڕە سوارى نیوەشەو) دامەزراندووە و داهات بۆ خۆیان پەیدادەکەن، ئەمە جگە لەوەى داهاتى سۆپەر مارکێتى میترۆ و گاسن یش پڕۆژەکانى دیکە لەلایەن ئەوانەوە سەرپەرشتى دەکرێت و داهاتەکەى ئەوان مامەڵەى پێوەدەکەن.

هەر بەگوێرەى زانیارییەکان، چیا و نما لەئاستى ڕێکخستن سەرقاڵى ئامادەکارى تەواون بۆ ئەوەى کۆنفراسى داهاتووى گۆران کە لەئێستاوە تەسفیەتى ناڕەزاییەکانى تێدا دەکرێت، بۆ چیا و نما هەلێکى زێڕین دەبێت بۆ هێنانە پێشەوەى کەسە نزیکەکانى خۆیان و پێش ئەوانیش خۆیان، بەوەش هەموو بزوتنەوەى گۆڕانیان بۆ یەکلایى دەبێتەوە.
 
چیا و نما لەگەڵ ڕێکخەرى گشتى، خاڵیان محمەد تۆفیق ڕەحیم


ڕۆژنامەوسێکى دیارى گۆڕان کە نەیویست ناوى ئاشکرابکرێت، ئەوەى بە وڵات ڕاگەیاند: "هەنگاوەکانى چیا و نما بزوتنەوەى گۆڕان دەکەن، هاوشێوەى بنەماڵەى بارزانى دەیانەوێت دۆخەکە ئاڕاستە بکەن، تەنانەت بۆ ئەو مەبەستەش لۆبى دیبلۆماسیان لەگەڵ کەسایەتیە دیاریەکانى ناو بنەماڵەى تاڵەبانى و بارزانى بەتایبەت (نێچیرڤان بارزانى و بافڵ تاڵەبانى) هەیە، ئەوان پاڵپشتیان دەکەن".

ووتیشى: "ئێستا ئەوانەى لەسەر گردەن و ئەوانەشى لەخوار گردەن بۆیان دەرکەوتووە، بنەماڵەى نەوشیروان موستەفا دەرکەوتەى بنەماڵەى سێهەمە لەکوردستان".



Picsart-24-02-23-21-31-09-085