نوێترین

recent

11/06/2019

تەقە لەبارەگاى گۆڕان کرا.. تەقەکەرەکان کێبوون؟




وڵات _ تایبەت

شەوى ڕابردوو تەقە لە بارەگاى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕان لەگردى زەرگەتە کرا و یەکێک لە پاسەوانەکانیان کوژرا.

میدیایى فەرمى بزوتنەوەى گۆڕان تائێستا هیچ بڵاوکراوەیەکى فەرمى لەبارەى هۆکارى تەقەکردنەوەکەوە بڵاونەکردووەتەوە، تەنها ئاماژەى بۆ ئەوەکردووە، پاسەوانێکیان بەناوى (ڕێبەند) لەکاتى تەقەکاندا تیرۆرکراوە.


پاسەوانە کوژراوەکەى گۆڕان (ڕێبەند فه‌رهاد)

 
بەگوێرەى زانیارى میدیاى فەرمى گۆڕان، كاتژمێر یەك و 30 خولەكی شەوی رابردوو ژمارەیەك چەكدار تەقەیان لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی كرد و پاسەوانەكانی مەكۆی گۆڕانیش وەڵامیان داونەتەوە و هەر بەهۆی تەقەی ئەو چەكدارانەوە یەكێك لە پاسەوانەكانی مەكۆی گۆڕان بەناوی رێبەند فەرهاد کوژراوە.



کێن ئەوانەى تەقە دەکەن؟
میدیاى فەرمى گۆڕان لەبارەى تەقەکەرەکانى هیچ زانیارییەکیان بڵاونەکردووەتەوە بەڵام بەگوێرەى چەند سەرچاوەیەکى میدیایى ناو گۆڕان تایبەت بە وڵات، مەترسییان هەیە دەستێکى شاراوە پەیوەندى نێوان گۆڕان و یەکێتى تێکبدات.
بۆیە، لە شەوى ڕابردووداوە بەفەرمانى بەرپرسانى باڵاى گۆڕان جەخت لەسەر ئەوکراوەتەوە کە نابێت ئەو پرسە وا گەورە بکرێت و زیاد لە پێویست قەبارەى زیاد بکرێت.


گۆڕان ترسی لەچیە؟

هەر بەگوێرەى زانیارى ئەو سەرچاوەیە گۆڕان ترسى لەوە هەیە، ئێران یان پارتى بیانەوێت بۆ سەرقاڵکردنى یەکێتى و گۆڕان و زۆنى سەوز سود لەم دەرەفتانە وەربگرن کە بەهۆى نیگەرانى نێوان یەکێتى و گۆڕان هاتووەتە پێشەوە لە پرسى تایبەت حکومەت.


خەلیل سەرکانى ئەندامى جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان ئاشکراى دەکات، بەلایانەوە ڕوونە کێ تەقەکانى کردووە بەڵام پڕۆسەکەیان بۆ پۆلیس و هێزە ئەمنیەکان جێهێشتووە، داواشى لەهێزە ئەمنیەکان کرد بەرپرسانە مامەڵە بکەن".

هاوکات، سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانی هیچ سەرەداوێکى ڕوونى لەبارەى تەقەکانەوە ئاشکرانەکر، ووتى: " لێکۆڵینەوەى ورد لە پڕۆسەکە دەکەین و تەقەکەرەکان دەدۆزینەوە".

Picsart-24-02-23-21-31-09-085