وڵات میدیا -
لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمان سەبارەت بە پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کۆبونەوە.
شیرین ئەمین ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە "لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە کاتژمێر ١١ پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٧-٥-٢٠١٩ لە بارەی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کۆبونەوەی ئەنجام داو بڕیاری پێکهێنانی چوار لیژنە دراوە"
رونیشی کردەوە "ئەو چوار لیژنەیە زانییاری لەسەر دۆخی ئەو ناوچانە کۆدەکەنەوە و لە پەرلەمانی کوردستان بە لیژنەیەک دەکرێت بە راپۆرت و لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران لیژنەکە سەردانی بەغدا دەکات و پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی دەکات".
لەبارەی دۆخی ئەو ناوچانە شیرین ئەمین وتی "ئێمە وەک فراکسیۆنی گۆڕان بە درێژ کراوەی هاتنی داعشی دەبینین، لەدوای ساڵی ٢٠١٤ و خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەو ناوچانە بەردەوام زوڵم و ستەمیان بەرامبەر دەکرێت".
پەرلەمانتارەکەی گۆڕان داوا لە بەرپرسەکانی کورد لە بەغدا دەکات بێنە سەر خەت و وتی "تەنها بە لیژنەیەک یان فراکسیۆنێک دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم باش ناکرێت، داوا لە بەرپرسانی کورد دەکەین لە بەغدا هەمو هەوڵێکی خۆیان بدەن تا دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکێتەوە پاشان قەرەبوی زیان لێکەوتوان بکرێتەوە".
