ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2019 فەرەیدوون عەبدولقادر، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە سهبارهت به پۆستی پارێزگاری کهرکوک بڵاوکردهوه و رایگهیاند " چەندین جار و بە ئامادەبوونی کۆسرەت رەسول داوام لێکراوە ببمە پارێزگاری کەرکووک".
دەقی روونکردنەوەکەی فەرەیدوون عەبدولقادر...
من فەرەیدوون عەبدولقادر کە زۆری تەمەنی خۆم لەگەڵ مام جەلالی سەرکردە و تێكۆشەرەکانی (ی.ن.ک) بۆ باڵاکردنی یەکێتی و خزمەتی کورد و کوردستان تەرخانکردوە و چەندین شەهیدی خێزانەکەشمان گیانیان بەو رێبازە بەخشیووە لە کاتێکدا من لە دەرەوەی وڵاتم. زۆرم لاسەیرە هەڵایەکی نابەجێ نراوەتەوە لەسەر دانانی پارێزگاری کەرکووک و ناوهێنانی ناوی من لەو گێژەنگە سازکراوەدا. کە ئەمە راستەیەکەیەتی:
پاش چەند جارێک کە بۆ پارێزگاری کەرکووک رووی دەمی لێپرسراوانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاراستەی من کراوە. هەمیشە وتوومە قبووڵم نییە.
یەکەمجار شەوی پەلاماردانی کەرکووک لە 16ی ئۆکتۆبەردا بەڕێز ئاسۆ مامەند لەبارەگای مەڵبەند و بە ئامادەبوونی کاک کۆسرەت و مامۆستا بەکر و تێکۆشەرێکی زۆر ئەو باسەی کردەوە، کە من قبووڵی بکەم پۆستی پارێزگار وەربگرم... جارێکی تریش هەر لە کۆڕی کاک کۆسرەت و لە ماڵی خۆیان بە ئامادەبوونی کاک عارف قوربانی و مامۆستا بەکر هەمان وەڵام دایەوە، کە من ئەو کارە ناکەم.
لە دەمی کۆبوونەوەکانی هەردوو وەفدی یەکێتی و پارتی دا جەنابی کاک کۆسرەت کە جێگری یاسایی و جێگری سکرتێری گشتییە و کەسی یەکەمی ناو یەکێتییە. داوای لێکردم چونکە خۆی لە کۆبوونەوەی دوو قۆڵیدا لەگەڵ جەنابی مەسعود بارزانیدا رێککەوت لەسەر ئەوەی فەرەیدوون عەبدولقادر کە هەردوو حیزب پێی رازین و وەکو تێکۆشەرێکی دیاری جولانەوەی کورد تەماشای ئەکەن ئەو پۆستە وەربگرێ.
هەموو برایان مامۆستا بەکر و کاک ئیسماعیل مەحموود ئاگادارن کە رازینەبووم و تەنها لەبەر هاوڕێیەتی زۆر لەگەڵ کاک کۆسرەت و لە دڵسۆزیم بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە رەسمی رەتمنەکردەوە، بەڵام پێموتوون کە ئەو ئیشەم پێ خۆش نییە. بەڵام باسەکە خرایە ئەو قاڵبەوە کە رەزامەندی من خزمەتی تەبایی نێوان یەکێتی و پارتی ئەکات، بۆیە بێدەنگبووم.
جەنابی کاک کۆسرەت و ئەو بەڕێزە ماندووانەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرکردایەتییەکەی ئەزانن کە من چەند خزمەتی یەکێتیم کردووە و لە کاتە سەختەکاندا. لە سەرەتاکانەوە تا راپەڕین و لە گەڕانەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ مەڵبەندی خۆی پاش 31ی ئاب، چەندە رۆڵی پڕ لە خزمەتم دیووە . هەموو ئەزانن کە من خۆم بە خاوەنی یەکێتی ئەزانم و هەموو تێکۆشەرەکانی یەکێتیم لا بەنرخە و زۆریش بەداخم بۆ ئەوەی کەسانێک لە یەکێتی پەیدابوون هەر لە خۆڕا هەڵدەچن و هەموو سنوورێکی برایەتی و وەفا و جوامێری ئەبەزێنن و خۆیان ئەدەنە دەست بێویژدانی. ئەگینا هەرگیز و بەهیچ پێوەرێک کەس لەوانەی خۆیان بۆ پۆستە باڵاکانی ئەنجوومەنی وەزیران و دەستەی سەرۆکایەتی هەرێم کەمترنیم و پۆستی پارێزگار بۆ تێکۆشەرێکی کارا و دڵسۆز زۆر نییە و مایەی ئەو شپرزەبوونە زۆرە نییە کە گەلەکەمان بەسەرسامییەوە لێی ئەڕوانی.
