بەرەبەیانى ئەمڕۆ گەنجێک لە قەزاى ڕانیەى سەر بە ئیدارەى ڕاپەڕین بە تەزووى کارەبا گیانى لەدەستدا.
شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژى پۆلیسی ڕاپەڕین بە ميدياكانى ڕاگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە تەرمى گەنجێک گەیەنرایە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە و بە وتەی شایەتحاڵەکانیش ئەو گەنجە لەناو بازاڕی شاری ڕانیە دەستکاری موبەڕیدەی دوکانەکەیانی کردووە لەو کاتەشدا تەزووی کارەبا لێی داوە و بەو هۆیەوە گیانى لەدەستداوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، گەنجەکە تەمەن ۲٥ ساڵە و دانیشتوی شاری ڕانیەیە، دوای ئەوەى لە پزیشکی دادوەری توێکاری بۆ تەرمى گەنجەکە کرا، ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە و لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە.
گیانلەدەستدانى ئەو گەنجە بە تەزووی کارەبا لەکاتێکدایە، هەر لەم مانگەدا بهڕێوهبهری قوتابخانەى ئامادهیی گوندی بۆسكێنى سەر بە ڕانیە بەهۆى تەزووى کارەباوە گیانى لەدەستدا.

