
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایدەگەیەنێت كەسێكیان دەستگیركردوە كە تۆمەتبارە بە كوشتنی ئەو كەسەی ئەمڕۆ تەرمەكەی دۆزرایەوە، راشیدەگەیەنن كە سبەی زانیاری گرنگ لەسەر هۆكاری روداوەكە ئاشكرادەكەن.
بەپێی راگەیەندراوێكی پۆلیسی راپەڕێن، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین توانیویەتی كەسێك دەستگیربكات كە تۆمەتبارە بە كوشتنی ئەو هاوڵاتیەی ئەمڕۆ تەرمەكەی بە كوژراوی دۆزرابویەوە.
دوای 8 کاتژمێر لە ڕووداوەکە، هێزەکانی بەشی پۆلیسی پشدەر توانیویانە تۆمەتبارەكە دەستگیربكەن
ئەوەشخراوەتەرو كە "دوای 8 کاتژمێر لە ڕووداوەکە، هێزەکانی بەشی پۆلیسی پشدەر توانیویانە تۆمەتبارەكە دەستگیربكەن، بۆ ئەم مەبەستەش سبەی 3 شەممە لە بارەگای بەشی پۆلیسی قەزای پشدەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا زانیاری گرنگ لەسەر ڕووداوەکە ئاشکرا دەکرێت".
پێشتر بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین بڵاویکردەوە، "بەیانی ئەمڕۆ دوشەممە تەرمی هاوڵاتیەک بەناوی ( س . ع . ئـ ) لەدایکبوی ساڵی 1969 کە پیشەی کاسبە و باوکی شەش کوڕە گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ کە شوێنەواری چەقۆ بە جەستەیەوە هەبوە".
بە وتەی کەسوکاری هاوڵاتیەکە بۆ پۆلیس" ئەو هاوڵاتیە لە دوێنیوە لە ماڵەکەی چوەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە دوای ئاگادارکردنەوەی هێزەئەمنییەکان، پاش بەدەستهێنانی زانیاری ورد دەستبەجێ هێزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر و بنکەی پۆلیسی فریاکەوتن و بنکەی پۆلیسی ڕاپەڕین تەرمەکەیان دۆزیەوە".
پۆلیس دەشڵێت، "دوای کوشتنی تاوانلێکراو ئۆتۆمبێلەکەیان بردوەتە نزیک گوندی گردەسپیان بە دوری نزیکە 15 کم لە شوێنی روداوەکە لە لایەن هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش بە سوتاوی دۆزراوەتەوە، مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە لەسەر روداوەکە".