
ناوەندی ڕاگەیاندنی ژمارەیی عێراق بڵاویکردەوە، بەهۆی چەند کێشەیەکەوە پێدەچێت یاری پەبجی لە وڵاتی هیندستان قەدەغەبکرێت.
لە بەیاننامەیەکدا ناوەندی ڕاگەیاندنی ژمارەیی ئەمڕۆ سێشەممە (٥ی ئازاری ٢٠١٩) بڵاویکردەوە، یاری پەبجی کە لە ئێستادا بە ملیۆنان بەکارهێنەر و بەشداربووی هەیە، ڕووبەڕووی کێشەی ڕاستەقینەی ئەوتۆ بووەتەوە و، ئەگەری ئەوەی هەیە لە وڵاتی هیندستان قەدەغەبکرێت.
ناوەندەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی ئەو مەترسییانەی کە بەشێکی زۆری خێزانە هیندییەکان هەستیانپێکردووە دەربارەی ئەو یارییە، دەنگدانەوەی لە زۆربەی ویلایەتەکانی ئەو وڵاتەدا هەبووە.
لەوبارەیەوە حاکمی ویلایەتی غوا ئاماژەی بەوە کردووە، "یاریی پەبجی شەیتانە لە هەموو ماڵێکدا"، هاوکات ویلایەتی کوجارات بە تەواوی بڕیاری قەدەغەکردنی داوە لە خوێندنگەکاندا.
بەهۆی ئەو بڕیار و لێدوانانەی کە لە چەند ویلایەتێکی گەورەی هیندستان لەسەر یارییەکە دراوە، کۆمپانیای دروستکردنی یارییەکە ناچاربوو بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوبکاتەوە، تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەمەودوا چەندین چاکسازیی جیاجیا لە یارییەکەدا دەکات، بۆئەوەی کەشێکی گونجاو و هاوسەنگ بێنێتە ئاراوە، کە بتوانرێت بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە یاریی پێ بکرێت.