
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان پێکهێنانی لێژنە
هەمیشەییەکان تاوتوێ دەکەن.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " وڵات نێت" کەوتوە ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی
فراکسیۆنەکان بۆ پێکهێنانی لیژنە هەمیشەییەکانی نێو پەرلەمان و دیاریکردنی
ئەندامانی لیژنەکان کۆدەبنەوە، کە ژمارەیان 15 لیژنەیە.
فۆڕمێك دراوتە پەرلەمانتاران تا دوو لیژنە هەڵبژێرن و تێدا ببنە
ئەندام، فۆڕمەکە ناوی 15 لێژنەکەی تێدایە، پسپۆڕی و ئارەزوو لەبەرچاو دەگیرێت بۆ
چوونە ناو لیژنە هەمیشەییەکان.
لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان 15 لیژنەن یەک لیژنە هەڵبژێردراوە،
ئەویش لیژنەی یاساییە. ئەندامانی هەر لیژنەیەک نابێت لە 11 ئەندام زیاتر و لە
5 ئەندام کەمتر بێت، بڕیارە لەم هەفتەیە پەرلەمان متمانە بە لیژنەکان بدات و
فراکسیۆنەکانیش لەسەر سەرۆک جێگر و بڕیاردەری لیژنەکان بگەنە رێککەوتن و بەرکەوتەی
هەڵبژاردنیش یەکێک لە پێوەرەکانە.
رۆژی سێشەممەی رابردوو پەرلەمانی کوردستان بەبێ بەشداریکردنی
فراکسیۆنی یەکێتی ئەندامانی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی هەڵبژارد و پێدەچێت بەبێ
یەکێتی پارتی تەواوی کارەکانی پەرلەمان جێبەجێ بکات و کۆبونەوەکانی ئەنجام بدات.