
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌نداوی دوكان له‌نوسراوێكدا سه‌رجه‌م خاوه‌نی پڕۆژه گه‌شتیاریه‌كان له‌مه‌ترسیه‌كی گه‌وره ئاگادارده‌كاته‌وه‌و ئاشكرایده‌كات، به‌هۆی زۆربونی ئاوه‌وه، ئه‌گه‌ری دوباره‌بونه‌وه‌ی ڕوداوه‌كه‌ی ساڵی 1988 هه‌یه.
به‌گوێره‌ی نوسراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌نداوی دوكان كه ئاراسته‌ی قائیمقامیه‌تی قه‌زای دوكان كراوه‌و تێیدا هاتوه: ئه‌مساڵ تێكڕای ئه‌و ئاوه‌ی هاتوه بۆ ده‌ریاچه‌كه له‌ماوه‌ی سێ مانگی ڕابردودا 160%ی تێكڕای ساڵانه‌ی تێپه‌ڕاندوه، بۆیه ئه‌گه‌ری هه‌یه ئه‌مساڵ ده‌ریاچه‌كه پڕببێت و هه‌مان ڕوداوی ساڵی 1988 دوباره‌بێته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردوه: له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕێڕه‌وی ڕوباره‌كه به‌هۆی له‌ئه‌نجامی ئه‌و هه‌موو زیاده‌ڕۆیانه‌ی كراوه‌ته‌سه‌ری، ڕێڕه‌وه‌كه‌ی به‌رته‌سك بۆته‌وه، "بۆیه ئاگادارتان ده‌كه‌ین له‌ئه‌گه‌ری ڕودانی هه‌ر مه‌ترسیه‌ك له‌سه‌ر كه‌ناری ڕوباكه‌و زیانگه‌یاندن به‌هاوڵاتیان و موڵك و ماڵیان".
هه‌ر له‌نوسراوه‌كه‌دا داواشی له‌قائیمقامیه‌ت كردوه كاری پێویست ئه‌نجامبدرێت له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه په‌یوه‌ندیداره‌كان و له‌ئاماده‌باشیدابن بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو كه ڕوبدات تاوه‌كو به‌رپرسیارێتی نه‌خرێته ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌ت له‌پاشه‌ڕۆژدا.
قائیمقامیه‌تی قه‌زای دوكانیش هه‌ریه‌ك له‌لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی قه‌زاكه كه بریتین له(سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی، گه‌شتوگوزار، كشتوكاڵ، بنكه‌ی به‌رگری شارستانی، به‌شی پۆلیس، یاریده‌ده‌رێتی ئاسایش)ی ئاگاداركردۆته‌وه له‌ئاماده‌باشیدابن بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو.