نوێترین

recent

09/01/2019

مەحمود سەنگاوی: سیاسەتە سەقەتەکانی مەسعود بارزانی، هەرێم بەرەو دوو ئیدارەیی دەبات



مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەوە دەخاتەڕوو كە هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ پارتی بۆ بەردەوامبوونی دەستگیركردنی كادیرەكانیان دەگەڕێتەوە و راشیدەگەیەنێت كە "سیاسەتە سەقەتەكانی مەسغود بارزانی، هەرێمی كوردستان بەرەو دوو ئیدارەیی دەبات".

مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند تا ئێستا 11 کادرمان بە فەرمانی مەسعود بارزانی لای پارتی دەستبەسەركراون و "ئەو کادرەی دیکەش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستگیرکرا، کاک مەسعود خۆی فەرمانی بە ئاسایش کردبوو بە بارمتە بگیرێت تا ئەو کاتەی کادرەکەی پارتی ئازاد دەکرێت".

سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی كۆبوونەوەكەشیان لەگەڵ پارتی وتی: "یەکێکم لەوانەی دژی ئەوەم شاندەکەمان بچێت لەگەڵ مەسعود بارزانیدا دابنیشێت، بەھۆی ئەوەی ئەوان کادرەکانی ئێمە دەکەنە زیندانەوە و دەشیانەوێت بچین لەوێ کڕنوش بۆ جەنابی کاک مەسعود ببەین، کاک مەسعود ئەگەر ڕێز لە خۆی بگرێت ئێمە ڕێزی لێدەگرین، بەڵام تاوەکو دوێنێ بە ئێمەی دەوت جەماعەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر کەچی ئێستا خۆی دەچێت کڕنوش بۆ ھەموو ئەوانە دەبات کە ھاتنە سەرمان و شەڕیان لەگەڵدا کردین و کوڕیان کوشتین و ماڵیان کاول کردین".

هاوكات جەختیشیكردەوە لەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هیچ كاتێك هێندەی ئێستا تەبا نەبووە و دوێنێش پێكەوە بڕیاریان داوە وەفدەکەیان نەچێت بۆ کۆبوونەوە تا ئەو کاتەی کادرەکانیان ئازاد دەکرێن.

دوپاتیشیکردەوە "ئەگەر کادرەکانمان بەپێی یاسا گیراون ڕەوانەی دادگایان بکەن و سزایان بدەن، بەڵام ئەگەر ھەر بنەماڵەیەکی تێکۆشەر کە یەکێتی نیشتیمانی خۆشبوێت ئەوان بچن ئیھانەیان بکەن و بێ حورمەتیان پێبکەن، ئەوە ھیچکات قابیلی قبوڵکردن نیە".

سەبارەت بە مەترسییەكانی ئەگەری دروست بوونەوەی دوو ئیدارەییش مەحمود سەنگاوی رایگەیاند "ئەوەی ئەم ھەرێمە بەرەو دوو ئیدارەیی دەبات ئەوە یەکێتی نیشتیمانی نیە، ئەوە سیاسەیە سەقەتەکانی کاک مەسعود خۆیی و پارتی دیموکراتی کوردستانە ئەم وڵاتە بەرەو ئەوە دەبات، ئێمە ھیچکات لەگەڵ دوو ئیدارەیی نین بەڵام ئەگەر بزانین بەرنامەی پارتی بە زیانی خەڵک و بۆ بچوکردنەوەی یەکێتیە ئەوە یەکێتی نیشتیمانی ھەرگیز ئامادە نیە خۆی بچوک بکاتەوە و ئامادەش نیە تەسلیمی ھیچ ھێزێکیش بێت، ئێمە دەمانەوێت وڵاتیکی دیموکراسیمان ھەبێت و خەڵک ھەر حزب و دین و مەزھەبێکی ھەڵدەبژێرێت ئازاد بێت".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085