نوێترین

recent

13/05/2017

كلاسیكۆی نرخی تەماتە و مریشك لە هەرێم گەرم دەبێت


بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە و دابەزینی نرخی مریشك لە هەرێمی كوردستان، جێگەی مشتوموڕی ناو خێزانەكانە، لای بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش بە شێوازی جیاواز باسی لێوە دەكرێت و بەشێكیان ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە، دەبێت بایكۆتی یەكێكیان بۆ ئەوەی دیكەیان بكرێت.

تەماتە‌و مریشك دوو لەو خۆراكانەن، تا ڕادەیەك ڕۆژانە لە لایەن هاووڵاتییانەوە بوونەتە پێكهێنەری ژەمە خۆراكەكانیان ‌و بە جۆرەها شێواز بەكار دەهێنرێن، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا تا ئێستا نرخی تەماتە بۆ هەر كیلۆیەك گەیشتووه‌تە دوو هەزار دینار ‌و نرخی مریشكیش گەیشتووه‌تە یەك هەزار ‌و 800 دینار، ئەمەش لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك تانەی لێ دراوە.

 یەكێك لە پۆستێكدا نووسیویەتی: ״با بایكۆتی تەماتە بكەین ‌و بۆگەن بكات بۆ ئەوەی نرخەكەی دابەزێنرێت لە بازاڕدا״، هاووڵاتییەكی تریش كە فۆتۆی تەماتە ‌و مریشكی داناوە نووسیویەتی: ״ كیلۆیەك تەماتە پارەی كیلۆیەك مریشكە، وڵاتی قەزاو قەدەرە ‌و با مریشك بخۆین ‌و بۆ ماوەیەك خواردنی تەماتە بایكۆت بكەین״.

یەكێك لەو كەسانەی كە خاوەنی كەرت (دوكان)ی خۆیەتی لە عەلوەی سلێمانی هێما بۆ ئەوە دەكات، بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە پەیوەندی بەوەوە هەیە، لە ناوخۆدا كاتی پێگەیشتنی دوو مانگی ماوە ‌و لە ئێستادا، لە توركیا‌ و ئێرانەوە هاوردە دەكرێت.

شوان ئەمین، خاوەنی دوكان لە عەلوەی سلێمانی بۆ ״ئاژانس״ ئاماژەی بەوە كرد، نرخی تەماتە لە عەلوەی سلێمانی كیلۆی لە نێوان 500 دینار بۆ هەزار ‌و 100 دیناردایە‌ و ئەوەش كەوتووه‌تە سەر كوالێتی باشی ‌و خراپی تەماتەكە، ڕۆژانە لە ئێرانەوە 40 بۆ 50 لۆری تەماتە دەهێنرێتە عەلوەی سلێمانی، هەر لۆریەك 30 بۆ 40 تۆن تەماتە دەهێنێت ‌و لە توركیاشەوە بە هەمان شێوە دەهێنرێت، هەموو ئەمانە باجی ناخرێتە سەر لە گومرگەكانەوە، چونكە بەرهەمی ناوخۆیی هێشتا پێ نەگەیشتووە، لە دوای 15/6/2017 وە بەرهەمی ناوخۆی تەماتە پێ دەگات ‌و ئەوكات وەزارەتی كشتوكاڵ باجی دەخاتە سەر״.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، بە بەراورد بە مانگی ڕابردوو بۆ هەر كیلۆیەك تەماتە 100 بۆ 150 دیناری عێراقی چۆتە سەر، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نایه‌ت كیلۆیەك تەماتە بدرێتە دوو هەزار دینار.

شوان ئەمین ئەوەشی ڕوون كردەوە، لە بازاڕەكانی سلێمانیدا، نرخی تەماتە لە نێوان 1500 بۆ 2000 هەزار دیناردایە و ماوەیەكی دیكەش، تەماتەی ناوەڕاست ‌و خوارووی عێراق پێ دەگات ‌و وردە وردە تەماتەی ئەوێ هاوردەی پارێزگاكانی هەرێم دەكرێت و تا مانگێكی دیكه‌ نرخی تەماتە وەكو پێشووی لێ دێتەوە.

ئەندامێكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان، باس لە هۆكاری گرانبوونی نرخی تەماتە ‌و دابەزینی نرخی مریشك دەكات‌ و پێی وایە حكوومەت هیچ سوودێكی ئابووری تێدا نابینێت ‌و تەنیا زیانی هاووڵاتییانی تێدایە.

خەڵەف ئەحمەد، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی لە لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״گرانبوونی تەماتە‌ و هەرزانبوونی نرخی مریشك دوو هۆكاری سەرەكی هەیە، تەماتە ئێستا تەنیا لە توركیا‌ و ئێرانەوە دەهێنرێتە هەرێمی كوردستان ‌و لە ناوخۆدا هێشتا تەماتەی خۆمان پێ نەگەشتووە، دابەزینی نرخی مریشكیش هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەرهەمی ناوخۆی له‌ پێداویستی ناوخۆ زیاترە، پێشتر مریشكی هەرێمی كوردستان هەناردەی پارێزگاكانی ناوەڕاست ‌و خواروی عێراق دەكرا، بەڵام بۆ ماوەی 10 ڕۆژێك وەستا، بۆیە وا نرخەكەی دابەزی״.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: ״هەندێك لە هاووڵاتییان لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیی فەیسبوك فۆتۆی مریشك ‌و تەماتەی داناوە كە نرخی یەك كیلۆ مریشك بە 1800 دینارە ‌و تەماتە كیلۆی بە 2000 هەزار دینارە ئیتر با مریشك بخۆین‌ و واز لە تەماتە بهێنین، بەڵام هەردوكیان خۆراكێكی پێویستیی ڕۆژانەی خەڵكن، ئەمەش پێویستی بەوەیە حكوومەتی هەرێم بەتایبەت وەزارەتی كشتوكاڵ چاودێرییان بكات״.

خەڵەف ئەحمەد ئەوەشی ڕوون كردەوە، بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە هیچ سوود ‌و داهاتێكی بۆ حكوومەتی هەرێم تێدا نییە‌ و باج نەخراوەتە سەر هاوردەی تەماتە، هەركات بەرهەمی ناوخۆ پێگەیشت كە دەكەوێتە كۆتایی مانگی شەشەوە ئەو كات حكوومەت باج دەخاتە سەر تەماتەی هاوردە ‌و لەو باجە داهاتێكی دەست ده‌كەوێت، بۆ مریشیكش كە نرخی دابەزیوە حكوومەت هیچ قازانجی نەكردووە بەڵكو هاووڵاتییانی بەكارهێنەری خواردنی مریشك بە هەرزانتر دەیكڕن ‌و سوودی لێ دەبینن.

بەرزبوونی نرخی تەماتە ‌و دابەزینی نرخی مریشك پەیوەندی بە خواست ‌و خستنەڕووەوە هەیە‌ و حكوومەتی هەرێم هیچ قازانجێكی ئابووری ناكات بە هۆی دابەزین ‌و بەرزبوونی نرخی مریشك ‌و تەماتەوە.

خاڵس ئەحمەد، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێم بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی تەماتە پەیوەندی بە خواست ‌و خستنەڕووی بەرهەمەكەوە هەیە، دیارە تەماتە لە توركیا ‌و ئێران لەناو شوشەدا پێ دەگات ئەوەش تێچووی زۆرە ‌و لە بازاڕەكانی ئەو وڵاتانەش نرخی بەرز بووه‌تەوە، ئێستاش لە هەرێم بەرهەمی ناوخۆیی هێشتا پێ نەگەیشتووە״.

ناوبراو هێمای بۆ ئەوەش كرد، بەرهەمی ناوخۆیی تەماتە لە بەرواری 15/6/2017 وە دەكەوێتە بازاڕەوە ‌و لەو بەروارەوە حكوومەتی هەرێم باج دەخاتە سەر تەماتەی هاوردە ‌و ئەو كاتە سوود ‌و قازانجێكی بۆ حكوومەتی هەرێم دەبێت، بەڵام گرانبوونی نرخی تەماتە لە ئێستادا زیانی بۆ هاووڵاتییان هەیە.

بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێم ئەوەشی ڕوون كردەوە، زیادبوونی نرخی تەماتە بۆ چەند هەفتەیەكە ‌و كە نزیكبووینەوە لە بەرهەمی ناوخۆیی نرخەكەی دادەبەزێت.



لە ئاژانس ەوە ئارا ابراهیم
Picsart-24-02-23-21-31-09-085