نوێترین

recent

13/05/2017

ئەنجومەنی وەزیران ئەم بڕیارەتان لێ دیارە ؟


 عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

ئەنجومەنی وەزیران زیاتر لەساڵێک و سێ مانگە بڕیاری ژمارە (٦٤)ی لەبەرواری ۳ ی شوباتی ۲۰۱٦بەواژۆی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەرکردوە کە تایبەتە بە پەیڕەوکردنی سیستمی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران ، کەئەم بڕیارە جگە لەوەی گەورەترین زوڵم وستەم بوو لەبەرامبەر فەرمانبەران وموچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانکرا یەکێکیش بوو لەداھێنانە ناوازەکانی حکومەتی ھەرێم ودەوڵەتمەدارە داھێنەرەکانیان .


بڕیارەکە لە حەوت خاڵ پێکھاتووەکەمن تەنھا باس لەدوانیان دەکەم ؛


لەخاڵی یەکەمدا ئاماژە کراوە بەپاشەکەوتکردنی ڕێژەیەک لەشایستەداراییەکانی موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ، کەلەڕاستیدا لەجیاتی ڕێژەیەک لەپاشەکەوت ڕێژەیەک لەموچەدەدرێت بەبەشێکی زۆری فەرمانبەران وموچەخۆران. کەپاشەکەوتەکە لە ۱٥٪ وە دەست پێدەکات بە۷٥٪ کۆتایی دێت.

لەخاڵی پێنجدا ھاتوە کەخشتەی پاشەکەوتکردنی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بەشێوەی مانگانە چاوخشاندنەوەی بۆدەکرێت بەڕەچاوکردنی داھاتی مانگانەی وەزارەتی دارایی وئابوری.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کاتێ ئەم ستەمی پاشەکەوتە نەک سیستمی پاشەکەوت ئەم بڕیارەی بۆدەرچوو نرخی بەرمیلێک نەوت(۲٦بۆ ۲۷) دۆلاربوو بەڵام خۆ لەئێستادا بەرمیلێک نەوت نرخەکەی لەسەروو( ٥۰) دۆلارەوەیە ئەی بۆچی نەک مانگانە چاوتان پیا نەخشاندەوە ، وا (۱٥)مانگە خۆتان لەبڕیارەکە کردۆتە کەڕڕەی شەربەت .

کە زاراوەی  بەشێوەی مانگانەم بینی ڕێک وڕاست زاراوەی لادانی کاتیم ھاتەوە بیر کەحکومەتی ھەرێمی کوردستان کاتێ کە پڕۆژەیەکی لەسەر شەڤامێک دروست دەکرد یان جێبەجێیدەکرد لەسەر چەند لەوحەیەک بۆئاگاداری ھاوڵاتیان و شۆفێران لێیدەنوسرا ئاگاداربە لادانی کاتی ھەیە یان لەپێشت لادانی کاتیە ،بەڵام ئەم لادانی کاتیە زۆرجار ساڵی تێدەپەڕاندو کاتی دەبوە ھەمیشەیی.

بۆیە لێرەدا ڕووی پرسیار دەکەمە کۆی ستافی ئەنجومەنی وەزیران ولێیان دەپرسم ئەم بڕیارەی خۆتان لێدیارە یان وێنەی قەیرانەکان ئەمیشتان بیرچۆتەوەوبێ ئاگان لەدەرکردنی بڕیارێکی لەوشێوەیە ؟

ئایا ھیچ وەزیرێک یان ئەندامێکی لێژنەی باڵای ئابوری لەسەر ئەم ستەمە بەردەوامەی حکومەت کەلەفەرمانبەرانی کردوەو بەبەردەوامیش دەیکات ، داوای کۆتایپێھێنانیتانکردوە ؟

ئایا لەسەرەتای ساڵی ۲۰۱۷ وەکەستان دەزانن داھاتی فرۆشی نەوت ،بڕی ھەناردەی نەوت چەندەو چۆنە ؟

ئایا نەتان پرسیوە ئەرێ خێرە وەزارەتی سامانەسروشتیەکان پێنج مانگە ھیچ ڕاپۆرتێکی لەسەر فرۆش وداھاتی نەوت بڵاونەکردۆتەوە؟  

بۆیە ھەقە ئێوەی ستافی ئەنجومەنی وەزیران وئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ئابوری  لەئاست ئەم بێ باکی و ستەم وزوڵمەی کەلەھاوڵاتیان وفەرمانبەران دەکرێت بێنە دەنگ و لانی کەم بۆجارێک داوای کۆبونەوەیەکی نائاسایی بکەن لەسەرۆک وجێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم وبە ڕاشکاوی پێیان بڵێن بەسە زوڵم وستەم وپاشەکەوتکردنی موچە .  

ھیواخوازم بتوانن لە ئێستادا کەپەرلەمانی کوردستان پەکیخراوە وناتوانێت بەکاری ڕاستەقینەی خۆی ھەستێت ، ئێوە لانی کەم بێنە دەنگ و بەگژبڕیارێکی لەوشێوە بچنەوە چونکە کۆمەڵگا ھێندە پڕکێشەبووە خەریکە شیرازەی خێزان و تاکەکانی کۆمەڵ بەتەواوی تێکدەچێت ولەبەریەک ھەڵدەوەشێتەوە .

تکا دەکەم بەتاک بوە یان بەتیم لەسەر ئەم بڕیارە بێنە دەنگ وچیتر بێدەنگی ھەڵمەبژێرن و مێژوویەک بۆ خۆتان تۆماربکەن .  


*ئەندامی پەرلەمانی کوردستان 

                                          ھەولێر ، ۱۲ی ئایاری ۲۰۱۷ ز.



Picsart-24-02-23-21-31-09-085