نوێترین

recent

14/05/2017

هێزە ئیسلامیەکانی کوردستان هەوڵی دروستکردنی مەرجەعێکی باڵای ئیسلامی دەدەن



ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی بزوتنەوە رایدەگەیەنێت، لە دیداری سلێمانی نێوان لایەنە ئیسلامییەکان پێشنیاری دروستکردنی مەرجەعێکی باڵای ئیسلامی لەهەرێمی کوردستان کراوە و پێش مانگی رەمەزانیش یەکەم کۆبونەوەی لەبارەوە ئەنجامدەدەن.

شوان قەڵادزێی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی بزوتنەوە بە کورد میدیا-ی راگەیاند:" لە دیداری سلێمانی کە لەلایەن سێ لایەنە ئیسلامییەکە و کۆمەڵێک رێکخراوی مەدەنی ئەنجامدرابوو لە 15ی نیسان، یەکێک لە پێشنیارەکانی دیدارەکە ئەوە بوو کە مەرجەعێکی باڵای ئیسلامی لەهەرێمی کوردستان دروستبکرێت، لەکۆمەڵێک زانای شارەزاو زۆر بەتوانای کوردستان پێکبهێنرێت".

وتیشی:" ئەم مەرجەعە رۆڵێکی ئیجابی دەبینێت لە هەم لە لایەنی ئاینی و لایەنی نیشتیمانی، هەروەها دەتواێت دەسەڵاتێکی فراوانی هەبێت، بەجۆرێک خواروخێچی و لادانی هێزە سیاسییەکان و حکومەت-یش راست بکاتەوە، بۆیە ئەمە جارێک بیرۆکەیەکە وەک سەرەتایەک، بەڵام لە دیدارەکەدا، قسەی لێوەکراوە و هەوڵەکانیش بۆ پێکهێنانی بەردەوامە".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی بزوتنەوە ئاماژە بەوەشدا:" رەنگە لە پێش مانگی رەمەزان، بۆ دەستپێکی گفتوگۆکانمان لەسەر دروستکردنی ئەو مەرجەعە، کۆبونەوەیەک لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەنجامبدەین".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085