

وتەبێژی هاتوچۆی پارێزگاری سلێمانی، ڕایدەگەیەنێت:"ئەو ئۆتۆمبێلانە لەجۆری نیسان ئەڵتیمان و بەقیست دراونەتە فەرمانبەران و بەهۆی پێنەدان و دواكەوتنی موچەوە قیستەكانیان نەدراوەتەوە، دەستیان بەسەردا دەگیرێت".
رائید كاروان حەمە سدیق ؛وتەبێژی هاتوچۆی پارێزگاری سلێمانی؛ بە ئاوێنەی ڕاگەیاندوە، لەسەر داوای كۆمپانیای كارزۆن سەر بەگروپی كۆمپانیاكانی سەردار بۆ بازرگانی ئۆتومبێل سكاڵای یاساییان لەداواكاری گشتی تۆماركردوە لەسەر ئەو فەرمانبەرانەی كە قیستی مانگانەی ئۆتومبیلەكانیان نەداوە، كە پێشتر ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلەیان بەقیست دراوەتە فەرمانبەران و قیستەكانیان نەدراوەتەوە.
ئاشكراشیكردوە، لەسەر داوای دادگای جێبەجێكردن كە بەنوسراو ئاراستەی بەرێوەبەراتی هاتوچۆی سلێمانی كراوە و فەرمانی دەستبەسەراگرتن بۆ ئەو ئۆتومبێلانە دەرچوە، ژمارەیان پەنجاو پێنج ئۆتومبێلە كە دو ساڵ پێش ئێستا بەقیستی مانگانە و بەبێ تاپۆ ئۆتۆمبێلەكانیان پێدراوە و لەئێستادا ژمارەیەكیان لێگیراوە و رەوانەی گەراجی دەستبەسەراگرتنی ئۆتۆمبیل كراوە لەبەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگاری سلێمانی.