

سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق لە نیویۆرکی ئەمریکا کۆشکێکی هەبووە، ژوورێکی کۆشکەکەی کردووەتە زیندان و تایبەتی کردووە بە ئەشکەنجەدان.
بەپێی رۆژنامەی نیویۆرک پۆستی ئەمریکی کە لە دوو بەرپرسی باڵای عێراقیەوە زانیارییەکانی وەرگرتووە "سەدام حوسێن ئەو ژوورەی لە باڵەخانە تایبەتە پێنج نهۆمییەکەی لە نیویۆرک تایبەت کردووە بە ئەشکەنجەدان، هەروەها هەموو کەلووپەلێکی ئەشکەنجەدانیشی لە ژوورەکەدا هەبووە".
بەپێی دوو بەرپرسە عێراقییەکە، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، "ژوورەکە لە ژێرزەمینی باڵەخانەکە بووە، بەبەردەوامی کارمەندانی دەزگای هەواڵگری عێراقی کەسانی عێراقییان لەو زیندانە هێشتووەتەوە، جاری وا هەبووە بۆ ماوەی 15 رۆژ ئازاریان داون، ئەوان ئەو کەسانەیان ئەشکەنجە داوە بۆ ئەوەی کەسوکارەکانیان لە عێراق خۆیان رادەستی حکومەتی ئەوکاتەی عێراق بکەن، یان هاوکارییان بکەن".
"ژوورەکە تاریک بوو، بەجۆرێک دروستکرابوو دەنگی هیچ کەسێکی لێ دەرنەدەچوو"، یەکێک لەو بەرپرسە عێراقییانە هەروەها دەڵێت "پێویستی نەدەکرد ژوورەکە کەرەستەی دەنگ نزمکردنەوەی تێدا بەکاربهێندرێت، چونکە بەشێوەیەک بوو هاوار و قیژەی کەسی لێ دەرنەدەچوو".
رۆژنامەی نیویۆرک پۆست هەروەها ئاشکرای دەکات "لەو ژوورەدا ئامێرەکانی ئەشکەنجەدان هەبوون، هەندێکجار کارمەندەکانی دەزگای هەواڵگری عێراق تەنانەت نینۆکی ئەو عێراقییانەیان دەردەهێنا کە لەو ژوورەدا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکردن، زۆربەی جارەکانیش دەیانکوشتن و بە پۆستی دیپلۆماسی تایبەت تەرمەکانیان دەناردنەوە عێراق".
هەر بەپێی رۆژنامەکە "ئێستا باڵەخانەکە نۆژەنکراوەتەوە، ئەو شوێنەش کە لەکاتی حوکمکردنی سەدام حوسێن تایبەت بوو بە ئەشکەنجەدان، کراوە بە چێشتخانە".