

پەرلەمانتارێکى دەوڵەتى یاسا داواى لە حکومەتى عێراق کردووە بارەگاکانى پەکەکە لە بەغدا و شارەکانى دیکە بکرێنەوە.
عەواتف نیعمە پەرلەمانتارى دەوڵەتى یاسا ڕاشیگەیاند "پارتى کرێکارانى کوردستان پەکەکە هیچ مەترسیەکى لەسەر ئاسایشى عێراق دروست نەکردوە و پەیوەندى بە کاروبارى ناوخۆى عێراقیشەوە نیە و لە ئێستاشدا شەڕى دژى داعش دەکات".
پەڕلەمانتارەکە ئاماژەی بەوەشکرد "هەموو چالاکیەکی سیاسی لە پەکەکە قەدەغەکراوە و شکست بە ئەندامەکانیان دەهێندرێت و لە هەولێر و دهۆک دەستگیردەکرێن بەڵام پێویستە ئەمڕۆ حکومەتی عێراق ڕێگەبدات بەفەرمی و بەئاشکرا پەکەکە نوسینگەی نوێنەرایەتیان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بکاتەوە تا ئەو کاتەی پابەند دەبن بە ڕێنماییەکانەوە".
پەڕلەمانتارەکە ڕاشیگەیاند " ئەردوغان کە بە خەیاڵی دەوڵەتی عوسمانیەوە دەژی پاساوی ئەوەدەهێنێتەوە کە موسڵ دەپارێزێت و لەدەستی تیرۆر ئازادی دەکات لە کاتێکدا خۆی پارێزگاری لە داعش دەکات و سوودمەندە بە بوونی ڕێکخراوە تیرۆرستیەکان لە عێراق و سوریا".
هەروەها وتی " ئەردوغان پارێزەری موسڵ نیە و ئەو کەسانەی ئەو داوایەیان لە تورکیاکردووە خیانەتکارن و لە عێراق جێگەیان نابێتەوە، هەرچەندە نامۆ نیە بۆ ئەو کەسانە کە لەبەردەم گەلەکانیاندا ببنە بوکەڵە بەدەستی تورکیاوە".
پەڕلەمانتارەکە داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیکرد " پەلاماری تورکیا لە عێراق ئیدانەبکات و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا سزابدرێت".
هەروەها داوای لە حکومەتی عێراقکرد "پەیوەندی ئابووری لەگەڵ ئەو دراوسێ خراپەدا ببڕێت و لەوەشدا تورکیا زەرەرمەندەبێت".
ئەو داوایەى پەرلەمانتارەکەى دەوڵەتى یاسا لەکاتێکدایە کە لە ئێستادا مشتومڕى زۆر لەسەر بونى هێزەکانى تورکیا لە باشک هەیە و حکومەتى عێراق بەچەندین شێوە داواى کشانەوەى هێزەکانى تورکیاى کردووە و بەرپرسانى تورکیاش سورن لەسەر مانەوەى هێزەکانیان و دەڵێن لەسەر داواى بارزانى هێزەکانیان نێدراوەتە باشیک و مەشق و ڕاهێنان بەهێزە عێراقیەکان دەکەن و هێزێکى داگیرکەر نین.