
بەهۆی تەقینەوەی تانکەرێکی نەوت لە نزیک گوندی (نگڵ)ی نێوانی مەریوان و سنە، سەید ئەحسەن عەلەوی، نوێنەری پارێزگای سنە لە ئەنجومەنی شواری ئێران، لە سایتی فەرمی خۆی ئەوەی راگەیاند کە نابێ ئیتر تانکەرە نەوتییەکانی عێراق لە رێگەی سنە و مەریوان هاتوچۆ بکەن.
ئەم کاردانەوەیەی ئەحسەن عەلەوی دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵیی فارس هات کە تێیدا هاتووە، هەفتەی رابردوو تەنکەرێکی عێراقی کە سووتەمەنی بارکردبوون لە نزیک دێی (نگڵ)ی نێوان سنە و مەریوان وەرگەڕا و سووتا، لە دەرەنجامی ئەو رووداوەشدا ٥ ئۆتۆمبیلی دیکە سووتان و کە بوە هۆی مردنی کەسێک و برینداربوونی ٦ کەسی دیکە.
ئەو نوێنەرەی پەرلەمانی ئێران ئەوەشی راگەیاند:"بەمزوانە لێژنەی ئاوەدانکردنەوەی پەرلەمانی ئێران دەهێنینە پارێزگای کوردستان، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە دۆخی رێگاکانی پارێزگای سنە ببین و بە تایبەتیش رێگای نێوان سنە-مەریوان".
جێگەی وەبیر هێنانەوەیە کە ساڵانە چەندین تەنکەری هەڵگری سووتەمەنی لە رێگای چوونیان بۆ بەندەرەکانی ئێران، لە رێگەی سنە-مەریوان وەردەگەڕێن و دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە ژینگەی ناوچەکە و هۆکاری گیان لەدەست دانی خەڵکی ناوچەکە.