
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق کۆمەڵێک زانیاری نەبیستراو لەبارەی هێرشە موشەکییەکانی سەر بنکە سەربازییەکان بڵاودەکاتەوە.
سەباح نەعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە بەئامانجکردنی پێگەی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕادەگەیەنێت، کە بریتین لەمانە:
-سەرچاوەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی لە هێرشەکاندا بەکارهێنراون دەستنیشانکراوە، دەرکەوتووە کە كڵاوەی جەنگی بە کێشی جیاواز هەڵگرتووەو لە دەرەوەی عێراق دروستکراون.
-شوێنی هەڵدانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە بە وردی بەداداچونی بۆ كراوە، سەلمێندراوە کە لە شوێنی دیاریکراوەوە لە ناو خاکی عێراقەوە هەڵدراوە.
-ئەو لایەنانەی تێوەگلاون لە ئەنجامدان و هەماهەنگی ئەو كردەوە دوژمنکارانەیە، دەستنیشانکراون.
-شیکارییەکی تەکنیکی گشتگیر بۆ سیستەمی کۆنترۆڵ و پەیوەندی کە لە کارپێکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا بەکاردەهێنرێت ئەنجامدراوە، ئەوەش وایکردووە دەزگا هەواڵگرییەکان زانیاریی ورد کۆبکەنەوە کە پشتگیری لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەن.
-لیژنەی لێکۆڵینەوە دڵنیابووە لەوەی هەموو ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆکوژییانەی کە لە ئامانجگرتنەکەدا بەکارهێنراون هەمان جۆر بوون، ئەوەش بەڕوونی ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەنجامدەرەکە یەک لایەنە.
-سەرکردایەتی ئەمنی و سەربازی نەرممی نانوێنێت بەرامبەر هیچ هەڕەشەیەک کە ئاسایش و سەلامەتی هێزە چەکدارەکانمان و تواناکانی دەوڵەتی عێراق بکاتە ئامانج.
-رێکاری یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە تێوەگلاون و رەوانەی دادگاكانی عێراق دەکرێن بۆ ئەوەی بەپێی یاسا سزاکەیان وەربگرن.
-ئەم هێرشە ترسنۆک و شەڕانگێزانە، پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری نیشتمانیەو، رێگە بە هیچ لایەنێک نادرێت ناوخۆیی بێت یان دەرەکی، ئاسایش و سەقامگیری عێراق تێكبدات.