نوێترین

recent

17/10/2016

لیژنەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ موچەی فەرمانبەران هەڵدەوەشێتەوە



ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە ففراكسیۆن گۆڕان، لە لیژنەی بەدواداچوونی موچەی فەرمانبەران و داهاتی پارێزگاكە دەستی لەكاركێشایەوە و ئاماژە بۆئەوەدەکات بە سێ كەس ئەو كارە گەورەیە ناكرێت.

رێبوار ئەحمەد مەولود لە فراكسیۆنی گۆڕان و یەكێك لە سێ ئەندامەكەی لیژنەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بە رادیۆ نەوای وتووە"نوسراوم ئاڕاستەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كرد بەمەبەستی هەڵپەساردنی كارەكانی ئەو لیژنە سێ كەسییە، لەبەرئەوەی ئەو لیژنەیە ناتوانێت بەسێ كەس كارەكانی بكات، چونكە خۆتان دەزانن بابەتی داهات كێشمەكێشی زۆر لەسەرە و بەسێ كەس ناتوانرێت كاری باشی تێدا بكرێت، دواتر داوام كردوە لیژنەیەكی فراوانتری بۆ دروستبكرێت كە ئەندامەكانی لە 7-9 كەس پێكبێت".

رێبوار ئەحمەد مەولود ئاماژە بەوەش دەكات"لە لیژینەی سێ كەسیدا ئاسانتر دەتوانرێت هەلەكان بقۆزرێنەوە، بەڵام لە لیژنەی فراوانتری 7 كەسیدا ناتوانرێت بەو ئاسانییە بێت".

وتیشی"ئەو بابەتانە پێویستیشیان بە دەنگدانە، جا بەسێ كەس دەنگدان ئەو سودەی نابێت، بەڵام لە لیژنەیەكی فراواندا كە لیژنە پەیوەندیدارەكانی دیكەش تێیدا بەشداربن، باشتر دەتوانرێت كارەكان بكرێت".

هەروەها وتی"سبەینێ (سێشەممە 18/10) كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكرێت، دیارە پاش كۆبونەوەكە قسە لەسەر پێكهێنانی ئەو لیژنە فراوانە دەكرێت، بۆیە پێدەچێت لەماوەی هەفتەیەكدا ئەو لیژنەیە دروست بكرێت و دەستیش بەكارەكانی خۆی بكات". 
Picsart-24-02-23-21-31-09-085