

شاندێكی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی، سەردانی ئێرانیان كردو لەئەمڕۆ (دووشەممە)شەوە دەست بەدیدارەكانیان دەكەن، كە سەركردەیەك لەباڵی "ناوەندی بڕیار"ی حیزبەكە رایگەیاندووە "بێ ئاگاداری ئەوان چوونو هەر رێككەوتنێك بكرێت، پێوەی پابەند نابین".
هەفتەنامەی رووداو لەزاری نازم عومەر دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەئێران بڵاویكردووەتەوە، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئێران، پاشنیوەڕۆی رۆژی 30/10/2016 شاندێكی باڵای یەكێتی بەسەرۆكایەتی مەلا بەختیارو ئەندامییەتی عومەر فەتاح، سەعدی ئەحمەد پیرە، خەسرەو گوڵ محەممەد، پاڤێڵ تاڵەبانیو یاسین سابیر سەردانی شاری تارانیان كردووە.
نازم عومەر لەبارەی مەبەستی سەردانەكە رایگەیاندووە "بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراقو ناوچەكەیە".
سەرجەم ئەندامانی شاندەكە لەباڵی "زۆرینە"ی یەكێتین، بەڵام نازم دەباغ كە لەپشكی یەكێتی نوێنەری حكومەتی هەرێمە لەتاران، رەتیكردەوە سەردانەكە پەیوەندی بەكێشە ناوخۆییەكانی یەكێتییەوە هەبێتو وتی "ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بەرنامەی ئەو سەردانە دانراوەو پەیوەندی بە كێشەی نێوخۆییەوە نییە".
سەبارەت بەوەش، كە سەرجەم ئەندامانی شاندەكە لەباڵی "زۆرینە"ن، نازم دەباغ وتی "وەكو نوێنەری حكومەت ئەوەندە ئاگادارم، كە شاندەكەی یەكێتی بانگهێشت كراون، بۆ پێكهاتەی وەفدەكە دەكرێت لە یەكێتی بپرسن".
وا بڕیارە شاندەكە لەئەمڕۆوە (31/10/2016) دەست بەدیدارەكانی بكاتو رۆژی 2/11/2016 بگەڕێنەوە كوردستان، سەبارەت بەو بەرپرسانەی شاندەكە دەیانبینن، نازم دەباغ وتی "كەسایەتییەكان دیاریكراون، بەڵام تا كاتی دیدارەكان ناوەكانیان راناگەیەنرێت".
ئەندامێكی سەركرایەتی یەكێتی لەباڵی زۆرینە بێئاگایی خۆی لەو سەردانە دەربڕیو سەبارەت بەئەندامانی شاندەكە، وتی "زۆرجار پاڤێڵ تاڵەبانی لەبری هێرۆخان بەشداری كۆبوونەوەكان دەكاتو رەنگە هەر لەبری دایكیشی چووبێت، بەڵام بۆ ئەوانی دیكە ئاساییە، چونكە لەباڵی زۆرینەن".
ئەو بەرپرسەی یەكێتی، كە رازی نەبوو ناوی بهێنین، وتیشی "رەنگە بەشێكی سەردانەكە بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان بێت، چونكە ئێستا ئەوە بابەتی گەرمی یەكێتییە، بەشێكیشی رەنگە پەیوەندی بەشەڕی موسڵەوە هەبێت".
باڵی "ناوەندی بڕیار"ی یەكێتیش بێئاگایی خۆیان لەسەردانی شاندەكە بۆ شاری تاران دەردەبڕنو هۆشدارییش دەدەن، كە "پابەندی هیچ رێككەوتنێك نابن".
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی لەباڵی "ناوەندی بڕیار" بەهەفتەنامەكەی راگەیاندووە "ئاگاداری ئەو سەردانە نین بۆ تاران، تەنانەت رۆژێك پێش سەردانەكە ئەندامێكی ئەو شاندە لای ئێمە بوو هیچی باس نەكرد، بۆیە نازانین ئەجێندای سەردانەكە چییە، بەڵام رەنگە بەشێكی پەیوەندی بەكێشە نێوخۆییەكانەوە هەبێت".
كۆماری ئیسلامیی ئێران تاوەكو ئێستا چەند جارێك بۆ كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی هاتووەتە سەر خەت، لەكاتی راگەیاندنی باڵی "ناوەندی بڕیار"یش، بەرپرسانی ئەو وڵاتە سەردانی سلێمانییان كردو لەگەڵ هەردوو باڵەكەدا كۆبوونەوە.
بەڵام سەركردەكەی "ناوەندی بڕیار" قسەیەكی پێچەوانەی هەیەو وتی "ئێران بەردەوام لەسەر هێڵ نەبووەو لەكاتی هاتنیشیان تەنیا پێشنیازیان كردووە، ئەوەش لەبەر نزیكایەتی سنووری یەكێتی لەئێرانەوە، كە ئەو وڵاتەش دەبێت تاوتوێی ئەگەرەكان بكات".
ئەو سەركردەیەی ناوەندی بڕیار رەخنەی لەئەندامانی شاندەكە گرت، كە سەرجەمیان لەباڵی "زۆرینە"نو وتیشی: "ئێمە تائێستاش یەك حیزبین، لەبەرئەوە نەخوێندنەوەی یەكدی كارێكی خراپە، ئەگەر بۆ باسكردنی مەسەلەی یەكێتیو هەرێمو ناوچەكەیە دەبوو ئەندامانی هەردوولا لە شاندەكەدا بین".
سەركردەكەی "ناوەندی بڕیار" هۆشداریدا لەهەر رێككەوتنێك، كە لەو سەردانەدا بكرێتو وتی: "هەر رێككەوتنێكیش بكەن لای ئێمە شەرعیەتی نییە، چونكە بەپێی پەیڕەو، جێگرانی سكرتێر بەرپرسی یەكەمی یەكێتین".