

ئەدھەم بارزانی ھەڵوێستی حزبەکەی بەرامبەر خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی سبەی رادەگەیەنێت و وێڕای پشتیوانیکردن لە داواکاری ھاوڵاتیان، راشیدەگەیەنێت کە لەم کاتە ناسکەدا ئەنجامدانی خۆپیشاندان کارێکی خراپەو بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی تێدا نییە.
ئەدھەم بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لەسلێمانی و ھەڵەبجە، بێ ئاگایی خۆی لەیاداشتی ڕێکخراوەکان بۆ خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەربڕی و رایگەیاند:" بەڵام بەگشتی لەم کاتەدا کە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تیرۆرستانی داعش لەشەڕێکی قورسدایەو کۆمەڵێک گرفتی سیاسیی ھەیە، بەھیچ شێوەیەک من بەبەرژەوەندی نیشتمانیی و بابەتە نەتەوەییەکانی نابینم بەخۆپیشاندان داوای ماف بکەین".
ئەوەش لەکاتێکدایە، ژمارەیەک لەڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەیاداشتێکدا ئاشکرایانکردووە، ڕۆژی ١ی تشرینی دووەم خۆپیشاندانی سەرتاسەری بۆ گەیاندنی داواکاری فەرمانبەرو مامۆستایان ئەنجامدەدەن.
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی جەختیکردەوە کە پشتگیری ھەموو مافێکی رەوای فەرمانبەرو مامۆستایانی ھەرێم دەکەن و مافی خۆیانە ئەوەی لەناخیاندا ھەیە دەری ببڕن و داوای بکەن، "بەڵام کاتەکە ناسکەو لەئێستادا من بەدروستی نازانم خۆپیشاندان ئەنجام بدرێت.
ئەم ھەڵوێستەی بارزانی لەکاتێکدایە، ھەریەک لە گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی، پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندانەکە دەربڕیوەو راشیانگەیاندووە کە بەشداری تێدا دەکەن.