نوێترین

recent

21/08/2025

هەرێم هەڕەشەی توند لەبەغدا دەکات.

 






وەزارەتی ناوخۆی هەرێم هێرشی توند دەکاتەسەر وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و بەڕێگریکردن لەگەڕانەوەی ئاوارە مەسیحی و ئێزییەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان تۆمەتباری دەکات، دەشڵێت، ئەو کارانە هەوڵێکن بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لەپەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە،" لە پێشهاتێکی نادەستوری و دژ بە مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان، لێژنەی باڵای ئیغاسە و بە سەرپەرشتی وەزیری کۆچ و کۆچبەران، دەستی داوەتە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکانی پێکهاتەکانی مەسیحی و ئێزدی، کە خەڵکە ڕەسەنەکەی بە ناچاری لە کەمپەکان دەژین ".

ئەوەشیخستەڕوو،" بەهۆی شەڕی داعشەوە، ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان، بە تایبەت لە پێکهاتەی مەسیحی و کوردانی ئێزیدی، بە پاڵپشتی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوکاری ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە کەمپەکان گیرساونەتەوە و تاوەکو ئێستا 18 کەمپی تایبەت بە ئاوارەکان لەهەرێمی کوردستانن و زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە نەیاتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و چاوەڕێی دۆخێکی ئارام دەکەن بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و سەربەرزانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەڵێت،" لە بری پاڵپشتیکردنی گەڕانەوەی ئارەزومەندانە و بەشداریکردن لە زەمینە خۆشکردن بۆ دۆخێکی سەقامگیر، وەزیری کۆچ و کۆچبەران و لێژنەی باڵای ئیغاسە کۆبونەوە دەکەن بۆ ئەوەی ئاوارەکان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێ بەش بکەن و بێ دیراسە و راوێژکردن لەگەڵیان ناچاریان دەکەن وەکو نیشتەجێی دەرەوەی زێدی خۆیان بمێننەوە ".

وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەشکرد،" ناچارکردنی ئاوارەکان بە تێکەڵبونی زۆرەملێ لە ناوچەکانی دەرەوەی زێدی خۆیان، دۆخی دیموگرافی نوێ دروست دەکات کە دژی دەقەکانی دەستور دەبێت و جۆرێکە لە جۆرەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی بە شێوەی نایاسایی، ئەمەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی پێچەوانەی دەقەکانی دەستوری عێراقە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پێچەوانەی بنەماکانی ڕەفتاری نەتەوە یەکگرتوەکان دەربارەی کۆچی ناوخۆیی دەبێت و هەروەها دژ دەبێت بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و ڕێکەوتننامەکانی ژنێڤ کە پشتگیری لە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بە شێوەی خۆبەخشانە و سەلامەت و کەرامەتمەندانە دەکەن، نەک بە بڕیارە ئیدارییەکان یان بە خشتەی کاتی سەخت و ناواقیعی ".

بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخەش، وەزارەتی ناوخۆ کۆمەڵێک داواکاری هەیە، کە بریتین لەمانە:

بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، داوا دەکەین بەپەلە:

یەکەم: حکومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارانەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران ڕابگرێت و جێبەجێ نەکرێت.

دووەم: نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کار بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو بڕیارانە.

سێیەم: داوا دەکەین پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی شەنگاڵ، و دیاریکردنی قائیمقامێکی نوێ، و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085