نوێترین

recent

20/08/2025

فارس نەورۆڵی،خەڵك بۆ متمانەی بەئۆپۆسزیون نەماوە.!


 






دەبێت بپرسین کۆمەڵگای ئێمە لەم هەرێمەدا لە چ دۆخ و گوزەرانێکدایە؟ بە دیوەکەی تردا واتا بێدەنگی خەڵک و تێڕامانەکانیان دەڵێم، وەڵامەکە ئاوامان پێ دەڵێن: کۆمەڵگا ئێستا لە ئاگردانێکی پڕ لە خۆڵەمێش دەچێت، لەناو ئەم خۆڵەمێش دا شتێک لە جوڵە و ڕوناکی هەیە بەڵام کەس نازانێت لەم ئاگردانەدا کەی گڕێکی گەورە خۆی دەردەخات و دەبێتە جێگەی پرسیاری هەموومان... وەکو دەبینین زۆربەمان لە تێڕامان و بێدەنگی و چاوەڕوانیداین، لەم وێنانەیشەوە وێنە گەورەکە تارمایەکانی وردە وردە دەردەکەوێت لە گۆڕانکاریە کانی ناوچە کەدا ، هەر چۆنێک بێت 

 من خۆشحاڵ نیم بە لاوازبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی واقیع بین، چونکە باوەڕم وایە بۆ ئیدارەدانی جیاوازییەکان بۆ بەهێزبوونی دامەزراوەکان و سیستمی سیاسی، چەند پێویستمان بە حکومەتێکی بەهێزە، ئەوەندەش پێویستمان بە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزە بۆ ئەوەی بەردەوام لە جوڵەی تێزو ئەنتی تێزدابین بۆ لەدایکبوونی تێزێکی نوێ، ئەمەش ڕاستەقینەی بەریەککەوتنی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتە و ئەمە پرۆژە مەدەنیەکەیە، بەڵام بەداخەوە ئێستا ئێمە لەدۆخێکی بێ پرۆژەیداین ئێستا لە هەلومەرجێکداین پرۆژەیەک نیە بۆی بژین، ئەمەش ترسناکترین دۆخە بۆ هەر میللەتێک ڕاستە. هەموومان ئەرکمانە بۆ نیشتمان بژین، بەڵام ئێستا نە ئۆپۆزسیۆن و نەدەسەڵات وەڵامی پرسیارەکانی خەڵکیان پێنیە، بۆیە ئەمڕۆ بڕیاربوو بە پاڵپشتی هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان خۆپیشاندانی سەرتاسەری و گەورە ئەنجامبدەن، بەڵام پێچەوانەی ویستی ئۆپۆزسیۆن شەقام قسەیەکی دیکەی کرد وتی: (شوکر وشیارە شەقام ) ئەمە مانای ئەوە نیە خەڵک هەمووی لەتەک دەسەڵاتە، بەڵکو نەمانی متمانەی ئۆپۆزسیۆنە لای خەڵک، لەبەر ئەوەی ئۆپۆزسیۆن ڕوانگەیەکی ڕوونی نیەو توانای هیچ گۆڕانکارییەکی نیە و خەڵک باوەڕی بە دروشمی بێ کردار نەماوە و پێی وایە ئۆپۆزسیۆن و ئەوانەی ڕابەرایەتی دەکەن لە جێگایەکی دیکەن و گوێیان لە هاواری خەڵک نیە، بۆیە میللەتی وشیار باوەڕی هەمیشەی بە هێزێک نابەخشێ، بەڵکو وەک گرێ بەستێک لەتەک هەرهێزێکدا دەبێت، کە ڕاستگۆیانە لەخزمەت چاکەی گشتی دابێت، نەک ڕێگایەک بگرێتەبەر بۆ دەوڵەمەند بوون. هەر هێزێک کە بیەوێ متمانەی خەڵک لەتەکیدا بمێنێتەوە دەبێت قەرزە سیاسی و ئەخلاقییەکانی خەڵک بداتەوە، چونکە لە پرۆسەی سیاسی و دیموکراتیدا وشیاری خەڵک بەردی گۆشەیە لە پرۆسەی چاکسازی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، لێرەدا نابێ ئۆپۆزسیۆن هەر ڕەخنەی ژاوەژاو بەرهەم بهێنێ و  دەبێت بزانێ لەناو میللەتێکی بێ دەوڵەتدایە، کە هەر ڕۆژەو قەیرانێکی بۆ 
دروستدەکرێت لەلایەن ناحەزانی پرۆسەی کوردبوونەوە، بۆیە دەبێت لێرەدا ئۆپۆزسیۆن وەزیفەی خۆی بزانێ نەک لە ڕقی دەسەڵات جوڵەکانیان بچێتە خزمەت دەرەوەی ماڵی کوردی، هاوڕێیەکم بۆی گێڕامەوە جارێک لە وڵاتێکی ئەوروپی خۆپیشاندان بووە، هێزی ئۆپۆزسیۆن داوای چاکسازی کردووە لە حکومەت کوردێکی خۆشمان چوەتە ناو خۆپیشاندانەکەوە و هاواری کردووە بڕوخێ بڕوخێ کاتێک ئەم دروشمە بۆ ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە دەکەن بە زمانی ئەو وڵاتە، کوردەکە بانگدەکەن پێی دەڵێن !کێ پێی وتویت دروشمی بڕوخێ بەرزبکەیتەوە ئێمە نامانەوێ بیڕوخێنین دەمانەوێ ناڕێکیەکان ڕێککەینەوە، ئەم وڵاتە بەرهەمی هەزاران ساڵی ماندوو بوونی ئەم میللەتەیە چۆن دەبێ بیڕوخێنین، بۆیە دوای خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی سلێمانی دەبێت ئۆپۆزسیۆن پرسیار لەخۆی بکات ئایا ئێمە وەزیفەی ئۆپۆزسیۆنمان جێبەجێ کردووە؟ ئەگەر وایە بۆ خەڵک متمانەی بە ئۆپۆزسیۆن نیە! لەڕاستیدا ئەمە بێ هیوابوونی خەڵکە لە هەمووشت، بێهیوا بوونیش نە لەبەرژەوەندی دەسەڵاتە نە لەبەرژەوەندی ئۆپۆزسیۆنە، چونکە لە وڵاتی دیموکرات و دامەزاوەیدا پرۆسەی سیاسی وەک باڵندەیەکە دووباڵی هەیە باڵێک ئۆپۆزسیۆن و باڵێک دەسەڵات .ئەگەر باڵێکی شکا ئەوا بە سەلامەتی کاروانەکە ناگەیەنێتە جێگا، بۆیە ئەرکی هەردوو باڵەکەیە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن کە چارەسەر بۆ ئەم دۆخە بێ هیواییە بدۆزنەوە هیوا لای خەڵک دروستبکەنەوە، ئەگینا ئەم دۆخە بەرەو چارەنووسێکی نادیارمان دەبات.

 لەکۆتایدا ئێمەمانان ئەڤیندارانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاری نیشتمانین و هەرواش بووین و هەرواش دەبین.


Picsart-24-02-23-21-31-09-085