نوێترین

recent

26/09/2016

پارتی مانۆڕی سەربازی لەھەولێر ئەنجامدەدات



لەترسی ئەنجامدانی چالاکی و خۆپیشاندانی ناڕەزایی لەدژی دواکەوتنی موچەو خراپیی گوزەرانی ھاوڵاتیان، ئاسایشی پارتی لەھەولێر، فشاری توندی خستووەتەسەر فەرمانبەران و چالاکوانان و ژمارەیەک ئۆتۆمبیلی سەربازییش لە بەرەکانی شەڕەوە گەڕێندراونەتەوە بۆناو ھەولێر.

سەردار ئازاد، چالاکوانی مەدەنی لەشاری ھەولێر، ڕایگەیاند: لەکاتێکدا بڕیارە سبەی ٢٧ی ئەیلول، لەچەندین ناوچەی ھەرێم خۆپیشاندان و چالاکی مەدەنی ئەنجام بدرێت، بەڵام سبەینێ ھەولێر ئارامترین شوێن دەبێت، چونکە ھیچ کەسێک ناتوانێت لەو شارە بجوڵێتەوەو تائێستاش ئێمە ھەڕەشەی کوشتنمان لەسەرە، بۆیە ھیچ جۆرە چالاکییەک ئەنجام نادرێت.

وتیشی:" ھۆکاری سەرەکی ئەنجامنەدانی چالاکیش، دەگەڕێتەوە بۆ دروستکردنی فشارێکی زۆری ئاسایش و ھێزە ئەمنییەکانی پارتی لەسەر فەرمانبەران و چالاکوانان ".
ئاشکراشیکرد: "ھێزەکانی ئاسایش ھیچ خۆپیشاندانێک قبوڵ ناکەن، ھیچ کەسێکیش بوێری ئەوەی نییە بچێتە سەر شەقام".

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەھەولێرەوە دراون، ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی ھەمەری سەربازی کە پێشتر لەبەرەکانی جەنگ بینراون، لەناو بازاڕی ئیسکان سوڕاونەتەوەو مانۆڕی سەربازییان ئەنجامداوە.
بەوتەی چالاکوانێکیش کە بەھۆی ھەڕەشەکانی سەرییەوە، نەیویست ناوەکەی ئاشکرابکرێت، "ھەموو کاتێک کە ھەڕەشەی ئەنجامدانی چالاکی بکرێت، پارتی ھێزە ئەمنییەکانی کۆدەکاتەوەو مانۆڕی سەربازییان پێ ئەنجام دەدات".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085