
لەسەر پرسی مووچە، شاندەکەی هەرێم کە بۆ گۆڕانکاری لەسەر ئەو رێککەوتنەی خۆیان واژۆیان کردبوو چووبوونە بەغدا گەڕانەوە هەولێر و هیچ ئاماژەیەک بۆ رێککەوتن و رازیبوونی حکومەتی ماوەبەسەرچوو بە داواکانی بەغدا نیە.بەپێی زانیاریییەکان شاندەکەی هەرێم چەند راپۆرتێکیان ئامادەکردووە و پێشکەشی بەغدایان کردووە و وابڕیارە لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێ بکرێت.
هاوکات وەزیری دارایی عێراقیش بە شاندەکەی هەرێمی وتووە، ئەگەر دەتانەوێت بابەتەکە یەکلاییبێتەوە با شاندێکی باڵا و خاوەن بڕیارتان بێتە بەغدا و وتووشیەتی، کێشەی سەرەکیی عێراق و هەرێم هەناردەی نەوتە، ئێوە نەوت رادەستبکەن ئەوە ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
هەر بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕتی هەرێم بە بەغدای وتووە پێویستە مووچەی مانگی شەش بنێرن دواتر ئەمان ١٢٠ ملیارەکەی داهاتی نانەوتیی مانگی شەشیان بۆ دەنێرن.
هاوکات شاندەکە داوایانکردووە ئەو داهاتی ناوخۆیەی لێیان داوا دەکرێت کەمبکرێتەوە و لە مانگەکانی ترەوە کەمتر لە ١٢٠ ملیار رادەستبکەن، بەغداش وتوویەتی ئێوە خۆتان بەو بڕە رازیبوون، لە یاسای بودجەدا هاتووە و پێویستە مانگانە نیوەی داهاتی نانەوتەکە رادەستبکەن.
بە وتەی چەن چاوگێکی ناو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش بابەتە لەسەر بڕیارەکانی حکومەتی ماوەبەسەرچوو وەستاوە، تا ئەوان زووتر نەوت و داهاتی ناوخۆ رادەستبکەن مووچەی مانگەکانی شەش و حەوت زووتر دەنێردرێت.
ئەمانە هەمووی لەکاتێکدان کە بەغدا رازیبوو بەوەی کە کە ٨٠ هەزار بەرمیلیش بێت گەر هەرێم بینێرێت وەریدەگرن، هەرچەندە زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم کەوتوونەتەوە کار و نەوت بەرهەمدەهێنن.