نوێترین

recent

17/06/2016

حزبی دیموکرات: لەچالاکییەکانمان بەردەوامین



حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی شەڕەکەی شنۆوە راگەیەندراوێک بڵاودەکەنەوەو ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزەکانی پێشمەرگەی حیزب لە هەلسووڕان و چالاکیەکانیان لە ناوچەکە بەردەوامن.

ئەمڕۆ هەینی 16ی حوزەیرانی 2016 سەبارەت بە شەڕ و تێکهەڵچوونی ئەم دواییانەی هێزی پێشمەرگە و هێزە دژی گەلییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی شنۆ، راگەیەندراوێکی بڵاوکردوە.

لەسەرەتای راگەیەندراوەکەدا وردەکاری شەڕەکەی ئەم دواییە باس دەکەن و رایدەگەیەنن کە لە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی دەستەیەک لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکی سیاسی و تەشکیلاتی لە ناوچەی شنۆ بوون، بۆ پشوودان ڕوو دەکەنە گوندەکانی قەرەسەقەڵ و سەرگیز کە دەکەونە بەر پەلاماری هێزەکانی ڕێژیم و ناچار بە بەرگری لە خۆیان دەبن و لە ئاکامدا شەڕ و تێکهەڵچوونێکی قورس و خوێناوی ڕوو دەدا کە بۆ ماوەی ١٠ کاتژمێری خایاند.

ئاماژە بەوەش دەکەن کە لەو تێکهەڵچوونەدا “چەند پێشمەرگە پاش شەڕێکی قارەمانانە شەهید بوون و بە دەیان کەس لە فەرماندە و جاش و پاسداری ڕێژیم کوژران و بریندار بوون . هێزەکانی ڕێژیم بە دڕندانەترین شێوە کەوتنە وێرانکردنی ماڵ و موڵکی خەڵک لە گوندی قەرەسەقەڵ و زیانێکی زۆریان بە موڵک و ماڵی خەڵک گەیاند”.

حیزبی دیموکرات ئاماژە بەوەش دەکەن کە سەرەڕای شەهیدبوونی چەند پێشمەرگە، “هێزەکانی پێشمەرگەی حیزب لە هەلسووڕان و چالاکیەکانیان لە ناوچەکە بەردەوامن و لە ڕاگەیەندراوەکانی دواتری شورای نیزامیدا لە وردەکارییەکانی ئەو شەڕە و ژمارە و ناوی شەهیدەکانی هێزی پێشمەرگە ئاگادارتان دەکەینەوە.”
Picsart-24-02-23-21-31-09-085