نوێترین

recent

03/04/2016

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: ئەگەر ئەرز بدات لە ئاسمان دەبێت پەرلەمان كارا بكرێتەوە



شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە بریتانیا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ گۆڤاری لڤین رایدەگەیەنێت:  مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی شەرعیەتی نەماوەو دەبێت هەرچۆنێك بێت پەرلەمان كارا بكرێتەوە.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكێتی لە بریتانیا  لە چاوپێكەوتنەكەدا رایدەگەیەنێت لەگەڵ دروستكردنی حكومەتی زۆریینە نییە لەگەڵ پارتی و پێشی وایە  ئەو كارە ئینتیحارێكی گەورەیە بۆ یەكێتی و دەڵێت: ئەگەر هەندێك لە برادەران بۆ بەرژەوەندی تایبەتی كاری وا بكەن ئەوە غەدر لە یەكێتی  دەكەن.

سەبارەت بە كۆبوونەوەكانی یەكێتی و پارتیش  شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت: ئاگاداری ناوەرۆكی كۆبوونەوەكان نیم چونكە لە كۆبوونەوە شتێك دەڵێن و بۆ راگەیاندنیش شتێكی تر دەڵێن.

ئەو دەشڵێت: بەبۆچوونی من دەبوایە ئەو كۆبووونەوانە راستەوخۆ بوایەو هەموو كەس ئاگادار بوایە.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پێشی وایە دەبێت وەڵامی سێ‌ شت بدرێتەوە: یەكەم كاراكردنەوەی  پەرلەمان بەجۆرێك ئەگەر ئەرز بدات لە ئاسمان دەبێت كارابكرێتەوە.
دووەم: گەرانەوەی وەزیرەكان و سێیەمیش هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و مەسەلەی نەوت.

سەبارەت بە شەرعیەتی مەسعود بارزانیش ، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت: بارزانی شەرعیەتی نەماوەو و پۆستی سەرۆكی هەرێم لە هەرێمی كوردستان بوونی نییە.

لەبارەی پرسی نەوتیشەوە بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكێتی لە بریتانیا دەڵێت: منیش دەمەوێت بزانم بە چ هەقێك حزبێك رۆیشت بازرگانی بەسەر سەروەرت و سامانی ئەم میللەتەوە كرد؟

بەشێكی بەرچاوی چاوپێكەوتنەكەش تەرخانكراوە بۆ كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085