
سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، جەخت لە بەردەوامیدان بە پڕۆسەی ئاشتی لە باكور و ئازادكردنی ئۆجەلان دەكاتەوە، دەربارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەشڵێت: "ناشەفافی پڕۆسەی نەوت و هەناردەكردنی پەیوەندییەكانی هەردولای ئالۆزتركرد".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی، كە وێنەیەكیدەست ئاژانسی وڵات كەوتووە، ئاماژە بەوەكراوە، ئەمڕۆ 13ی كانونی یەكەمی 2015 عادل موراد ؛سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی؛ پێشوازی لە ئامینە عومەر ؛وەزیری كاروباری ژنان لە كانتۆنی جەزیرە؛ و جاندا حسێن ؛لێپرسراوی نوسینگەی یاسایی ئەو وەزارەتە؛ و شێرزاد عادل ئێزدی ؛نوێنەری كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا لە هەرێمی كوردستان؛ كرد .
عادل موراد لەكاتی ناساندنی ئەندامە ژنەكانی ئەنجومەن بە وەفدی میوان، وتی: "ئەم هەڤاڵانەمان نمونەی ژنانی تیكۆشەرن و خۆیان و كەسوكاریان خەباتیان بۆ میللەتەكەیان كردوە و لەوپێناوەشدا گەلێك قوربانیان بە گیانی هاوسەر و مندال و براكانیان داوە، هەروەك چۆن ئێستا ئەو خەباتە لە ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوامە و شەڕڤانان سەرەنجی هەموو جیهانی بۆ خۆیان ڕاكێشاوە".
وتیشی: "هیچ میللەتێك بەبێ قوربانی ناگاتە ئامانجەكانی، پێویستە لە ڕۆژئاوا سەرجەم لایەنەكان بەپێی سەنگ و و قورسایی خۆیان ڕۆڵ بگێرن، چونكە حكومەتدارێتی بە یەك لایەن نابرێت بەڕێوە، ئەوەشی بیەوێت ئەو كارە بكات لە هەر كوێیەك بێت بۆی ناچێتە سەر".
عادل موراد باسی پەیوەندیەكانی یەكێتی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسیەكان كرد و ڕایگەیاند، پەیوەندیەكانمان لەگەڵ سەرجەم حزبەكان زۆر باشە و قەزییەی كوردی بەیەك چاو تەماشا دەكەین.
جەختیشی كردەوە، پێویستە لە باكور پڕۆسەی ئاستی بەرەوپێشچونی زیاتر بەخۆوە ببینێ و ئازادكردنی عەبدوڵا ئۆجەلان هۆكارێكی هەرە گرنگە بۆ ئەو پڕۆسەیە، ناكرێت كێشەكان هەروا بەهەڵپەسێردراوی بمێننەوە، ڕۆژێك ئاشتی و دە ڕۆژ شەڕ، گرژی و ئاڵۆزی خزمەت بە هیچ كەس و لایەنێك ناكات.
لەبارەی پەیوەندیەكان لەگەڵ بەغدا، سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لەماوەی ڕابردوو لەدوای نەخۆش كەوتنی مام جەلال پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغدا ئاڵۆز بوون، پێشتر كێشەی هەڵپەسێردراو هەبون، بەڵام مام جەلال ڕۆڵی ئێكجار گەورەی هەبوو لەچارەسەكردنیان و چەتری كۆكەرەوەی سەرجەم عێراقیەكان بوو.
ئاشكراشی كرد، كە ناشەفافی پڕۆسەی نەوت و هەناردەكردنی پەیوەندییەكانی هەردولای ئالۆزتركرد، بۆیە ئێمە هەر لەسەرەتاوە ڕامانگەیاند، كە دەبێ كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەپێی دەستور و پاراستنی بەرژەوەندی هەردولا چارەسەربكرێت، خۆشبەختانە ئێستا وەفدێكی یەكێتی لەبەغدایە و لەگەل لایەنە عێراقیەكاندا لە كۆبوونەوەدان و ئومێد دەكەین، كە پەیوەندییەكان ئاسایی ببنەوە .
لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی یەكێتیشەوە وتی: "پێویستە هەمولایەكمان ئەو پێگە مێژویی و كاریگەرییەی یەكێتی بە گرنگ بزانین و یەكێتی ناو یەكێتی وەك بیلبیلەی چاومان بپارێزین، هەوڵیش دەدەین، كە كۆنگرە ببەستین و ئەو كێشانەی، كە هەمانە لە كۆنگرەدا چارەسەری بكەین و هەروەها گۆرانكاری بكرێت و كەسانی نوێ و گەنج و ژنان بێنە پێشەوە و ئەرك و بەرپرسێیتی لە ئەستۆ بگرن".
لەبەرامبەریشدا، ئامینە عومەر ؛وەزیری كاروباری ژنان لە كانتۆنی جەزیرە؛ ڕۆڵ و هاوكارییەكانی یەكێتی بە گرنگ وەسف كرد بۆ خەباتی كورد لە ڕۆژئاوا و باكوری كوردستان .
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەو كانتۆنانەی، كە لە ڕۆژئاوا پێكهێنراون و ئەو بارودۆخەی ئێستا هەیە بە خوێنی شەڕڤانان و هاوكار و هەماهەنگی حزبە هاوپەیمانەكانمان دروست بوە لەناویشیاندا یەكێتی ڕۆڵی ئێكجار مەزنی هەبوە.
وتيشى: "ئێمە دەمانویست بە خەباتێكی مەدەنی ئیدارەی زاتی دابمەزرێنین و حكومەتدارێتی بكەین، بەڵام قەدەری كورد هەروایە، كە دەبێ بە خەباتی چەكداری پارێزگاری لە خۆمان بكەین".