
بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر گەڕانەوەی تەواوی پەرلەمانتارانی بۆ تەلاری پەرلەمانی کوردستان و ئاساییکردنەوەی دۆخەکە ڕونکردنەوە دەدات، ڕاشیدەگەیەنێت، ئەو ھەموو قەیرانە لەھەرێمی کوردستان کەڵەکە بووە، جگە لەپەرلەمان کە پەکخراوە حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش پەکیکەوتووەو کۆنابێتەوە.
لەئێستادا باس لەوەدەکرێت، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی پەرلەمان و دەستپێکردنەوەی کاری لیژنەکانی پەرلەمان، پێشنیازکراوە کە ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕان بگەڕێنەوە شاری ھەولێرو کاری لیژنەکانی پەرلەمان دەستپێبکاتەوە.
لەوبارەیەشەوە عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا بڕیاردەری فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوەو وتی:"خۆ سەرجەم پەرلەمانتارانمان ھەولێریان جێنەھێشتووە، لەدوای کودەتاکەی ١٢ی ئۆکتۆبەریش بەشێکی زۆری پەرلەمانتارانیان لەشاری ھەولێرن و ڕۆژانەش سەردانی تەلاری پەرلەمانی کوردستان دەکەن".
بڕیاردەری فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان جەختیکردەوە لەسەرئەوەی، پەرلەمان موڵکی ھیچ حزبێکی سیاسی نییە، "بەڵام ئەو کودەتایەی بەسەر پەرلەماندا کراوە، لەئێستادا ناتوانێت وەک پێویست کارەکانی ڕایی بکرێت کە ئەرکی چاودێریکردن و یاسادانانە".
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان باسی بودجەی ھەرێمی کوردستانیشی کردو ڕایگەیاند، جگە لەکۆبوونەوەو کۆبونەوەی پەرلەمان، ئەرکێکی دیکەش بابەتی بودجەیە، "بەڵام ئەوەیان لەھەرێمی کوردستاندا بوونی نییە، تاوەکو پەرلەمان بتوانێت گفتوگۆی لەسەربکات".
بەبۆچوونی بڕیاردەری فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان، ھاوشێوەی پەرلەمان کە کارەکانی پەکخراوە، حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەھەمان ئەو دەردە براوەو کۆنابێتەوە.