
پاش ئەوەی ماڵپەڕی تەلەگرافی بەریتانی بڵاویكردەوە ئیحسان عەبدولعەزیزبەرپرسی پەیوەندییەكانی بزوتنەوە دەستدرێژی كردوەتە سەر كچێكی تەمەن 18 ساڵەی بەریتانی، نابراو ئەو هەواڵە بە ناڕاست دەزانێتو رەتیدەكاتەوە.
ئەندامەكەی سەركردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی لە فەیسبوك رونكردنەوەیەك لەمبارەیەوە دەنوسێتو رایدەگەیەنێت "ئەوەی بیستوتانەو دەیبیستن دڵنیابن دوورە لە راستیەوە، وە لە كاتی گونجاو بە درێژی باسی دەكەم و رونكردنەوەی پێویست دەدەم و ئێستا لە سەر داوای پارێزەرەكانم ناتوانم لەوە زیاتر بڵێم."
ئاماژەی بەوەش کردووە "كاتێك مرۆڤ بیەوێت گۆرانكاری بكات، بە جۆرەها شێوە هەوڵ دەدرێت شكستی پێ بهێنن، لەو رۆژەشەوە سیاسەت دەكەین و شانمان داوەت بەری چاوەرێی هەموو شتێكین لە كوشتنی جەستەی تا كوشتنی كەسایەتی!لەبەر ئەوە هەر تەنگ و چەڵەمەیەك بێتە رێگەمان چاوەڕون كراوە!"
ئیحسان عەبدولعەزیز ئاماژە بەوەش دەكات "هەتا جم و جوڵ و چالاكی ئێمە بەرژەوەندی گەورە بخاتە مەترسیەوە بێگومان هەمیشە پیلانەكانیش گەورەتر دەبن!"
هەروەها ئەوەشی وتووە "من خۆم ئەوە بە باش دەزانم و تەسلیمم و وەك الله دەفەرموێت (لو اجتمع الانس والجن علی ان یچروك بشیو لن یچروك الا بشیو قد كتبه الله علیك ولو اجتمع الانس والجن علی ان ینفعوك بشئ لن ینفعوك الا بشئ قد كتبه الله لك) ئەگەر ئینسان و جیننەكان كۆببنەوە بۆئەوەی بەشتێك زەرەرت پێ بگەیەنن ناتوانن مەگەر ئەوەی خوای گەورە بۆی نوسیبی وە ئەگەر ئەگەر ئینسان و جیننەكان كۆببنەوە بۆئەوەی بەشتێك سوودت پێ بگەیەنن ناتوانن مەگەر ئەوەی خوای گەورە بۆی نوسیبی."
ناوبراو لە ڕوونکردنەوەکەشدا ڕایگەیاندووە "داوا لەهەموو ئەو بەرێزانە دەكەم دڵتان هیچ نەكات و لە هەموو كات زیاتر ورەمان بەرزترەو ئەو ئاراستەی كە هێناومانە بەهیچ شێوەیەك گۆرانكاری تێدا نابێت و پشت و پەنامان تەنهاو تەنها الله یە."
دوێنێ هەینی لە هەواڵێکی پێگەی تەلەگرافدا بڵاوکرایەوە ئیحسان عەلی عەبدول عەزیز ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان تۆمەتبارکراوە بە دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی ١٨ ساڵ، دوای بینینی ئەو کچە لە یانەیەکی شەوانەی شاری لەندەندا لە ٨ی تەمووزی ساڵی ٢٠١٤.
بەپێی هەواڵەکەی تەلەگراف ئیحسان لە دادگای ساوزوێرک کراون دادگایکراوە و دادگایکردنەکە بەردەوامە لەبارەی تۆمەتی ئەوەی، کە دەستدرێژی کردووەتە سەر ئەو کچە ١٨ ساڵە. هەروەها کچەکەش دەڵێت، کە ئیحسان دەستدرێژی کردووەتە سەری لە کاتێکدا کە ئەو خەوتووە لە ماڵەکەی ئیحسان.