
سایتی میللەت
لە زنجیرەیەك كۆبونەوەی جیاوازدا كە لە سعودیە، ئیماراتی عەرەبی، ئەردەن و توركیا بەڕێوە چووە، سەركردەكانی عەرەبی سوننە پرۆژەیەكی هاوبەشیان بۆ چۆنییەتی ئیدارەكردنی عێراق و سوریا داڕشتوە.
بەپێی زانیارییەكانی میللەت، بڕگەیەكی گرنگی ئەم پرۆژەیە، تایبەتە بە دیاریكردنی چارەنوسی هەرێمی كوردستان و كۆی گشتی پرۆژەكەش لەلایەن توركیاوە داڕێژراوە و هەواڵگریی سعودییە و ئەردەن و ئیماراتیش رۆڵیان تیایدا بینیوە.
میللەت ئەوەی زانیوە كە پاش سەردانی مەسعود بارزانی بۆ سعودییە، عەرەبستانی سعودی ئامادەیی نیشانداوە، وەفدێكی هەواڵگری سعودییە رەوانەی هەولێر بكات و ئەو گروپە، لە كوردستان دەمێننەوە بۆ داڕشتنی نەخشەی ئۆپەراسیۆنی سیاسی و ئابوری و سەربازی لەسەر موصڵ و ئەنبار و دیالە.
لەم پرۆژەیەدا، توركیاش رۆڵی دیاریكراوە بەوەی فایلی كەركوك و موصڵ، راستەوخۆ وەربگرێت و چارەنوسیان لە چوارچێوەی رێككەوتنامەی دیاریكردنی چارەنوسی ویلایەتی موصڵ، لە ساڵی ١٩٢٦ دا یەكلایی بكاتەوە. بەپێی ئەو رێككەوتنامەیە، هەركات عێراق هەڵبوەشێت، توركیا مافی ئەوەی هەیە كە داوای ویلایەتی موصڵ بكاتەوە كە ناوچەكانی كەركوك و سلێمانی و دهۆك و هەولێر و موصڵ، دەگرێتەوە.
لەم پرۆژەیەدا، كە رەجەب تەیب ئەردۆگان،، هەندێك ئاماژەی لێ ئاشكرا كردوە، توركیا بە بەشداریی ١٥٠٠٠ چەكدار و تانك، لە سەعاتی سفر دا، پەلاماری باكوری عێراق و باكوری سوریا دەدات. توركیا دەیەوێت بە داگیركردنی ناوچەی جەرابلوس، رێگە بگرێت لە دروستبونی دەوڵەتی كوردستان لە باكوری سوریا و لە باكوری عێراقیش، توركیا هەوڵی كۆنترۆڵكردنی موصڵ و ئەنبار و گەمارۆدانی كەركوك دەدات.
ئەو زانیارییانەی میللەت، لە سەرچاوەیەكی ئاگاداری رۆژئاوای كوردستانەوە دەستی كەوتوە، توركیا، لە پشت ئەو پەلامارانەوەیە كە ئێستا گروپە تیرۆریستییەكانی ناو سوریا، دەیكەنە سەر كانتۆنی عەفرین لە باكوری رۆژئاوای سوریادا و دەیانەوێت ئەو ناوچە كوردستانییە داگیر بكەن. بە وتەی سەرچاوەكە، ئەگەر عەفرین داگیر بكرێت، توركیا بە ئاسانی دەتوانێت نیوەی ناوەڕاست و باكوری رۆژئاوای سوریا بخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆی.
میللەت، لە رێی دامەزراوەیەكی شرۆڤەكاری هەواڵگرییشەوە، ئەوەی زانیوە كە رەجەب تەیب ئەردۆگان، نایەوێت ئەو هێزەی ناردویەتییە باكوری عێراق، لە عێراق پاشەكشێی پێ بكات و بەپێی ئەو راپۆرتەش، پارتی دیموكراتی كوردستان رۆڵی هەیە لە هاوكاریكردنی هاتنی ئەو هێزی توركیا بۆ باكوری عێراق كە ئێستا ژمارەیان گەیشتۆتە سەرو ٢٤٠٠ جەندرمە كە زۆربەیان سەر به هێزی كۆماندۆزن.
سەرچاوەیەكی سیاسیی باڵاش لە توركیا، ئەوەی بۆ میللەت ئاشكرا كرد كە هاكان فیدان پلانی ئەوەی داڕشتوە، باكور و رۆژئاوای عێراق یەكبگرن و سوننەی عەرەب و ئیدارەی ژێر دەسەڵاتی مەسعود بارزانی، و توركمانەكانی سنوری كەركوك و تەلەعفەر، پێكەوە هەرێمێكی كۆنفدراڵی لە عێراقدا دروست بكەن.
هاكان فیدان، لە دوا سەردانی بارزانی دا بۆ توركیا كە دوو كاتژمێر لە بارەگای دەزگای هەواڵگری میت كۆبونەوە، وردەكاری ئەم پرۆژەیەی نیشانی بارزانی داوە و بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەكی ئاگادار، بەڵێیان لە سەرۆكایەتی هەرێم وەرگرتوە.
ئەردۆگان، هەر دوا بەدوای ئەم دیدارە، ئەوەی ئاشكرا كرد بۆ میدیاكان، كە توركیا لە باكوری عێراق ناكشێتەوە و وتی " لەگەڵ بارزانی دا رێككەوتوین، شەڕی تیرۆر و پەكەكە بكەین".
دیپلۆماتكارێكی كوردیش لە ئەوروپا، زانیاری ئەوەی بە میللەت راگەیاند كە هاوكات لەگەڵ سەردانەكەی بارزانی بۆ توركیا، كۆبونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان سەلیم جبوری و صاڵح موتڵەگ و ئوسامە نوجەیفی بەڕێوە چووە و ئەم سێ كەسایەتییەی سوننە، بە سەرپەرەشتی توركیا، رازی بوون كە مەسعود بارزانی بكرێت بە سەرۆكی هەرێمی كورد و سوننە لە باكور و رۆژئاوای عێراق دا و بەپێی پرۆژەكەش، ئەم هەرێمە نوێیە، پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و موصڵ و ئەنبار و دیالە دەگرێتەوە و كاریش دەكەن بۆ ئەوەی پارێزگاكانی صەڵاحەدین و كەركوكیش بخەنە ناو ئەم هەرێمە سوننەیە.
بەپێی پرۆژەكەی هاكان فیدان، كە میللەت بەشێكی لێ وەرگرتوە، توركیا نایەوێت سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی پشدەر و راپەڕین بخرێنە سەر هەرێمەكەی بارزانی و هۆكاریشیان بۆ ئەم سیاسەتە ئەوەیە كە نایانەوێت پێگەی كورد لەناو هەرێمە هاوبەشەكەی كورد و سوننەی عەرەب دا، بەهێز بێت. توركیا لەم گەمەیەدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان، قازانجی ئەوەش دەكات كە پێدەچێت شەڕی ناوخۆ لە كوردستاندا زیندو بكاتەوە بەتایبەتی دوای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بە ئاشكرا باس لە دروستكردنی هێزی چەكداری دەكات.
ئەردۆگان لەپاش دیداری لەگەڵ بارزانی، ئەوەی راگەیاند كە پێش كۆتایی ئەم مانگە، كۆبونەوەیەكی سێ قۆڵی لەنێوان توركیا و هەرێمی كوردستان و ئەمەریكادا بەڕێوە دەچێت و سەرچاوەكانی هەواڵیش لە روسیاوە ئەوەیان دركاندوە كە برێت مەكگۆرك، یاریدەدەری باراك ئۆباما بۆ شەڕی داعش، ئاگاداری ئەم پلانە هاوبەشەی توركیا و سوننە و هەولێرە.
لەلایەكی تر و بەپێی ئەو زانیاریانەی وەفیق ئەلسامەڕائی، لە بەغداوە بڵاویكردۆتەوە، پاش هاتنی توركیا بۆ باكوری عێراق، ئایندەی كەركوك بە ناڕونی دەمێنێتەوە و چیتر حكومەتی ناوەندیی عێراق و هەرێمی كوردستانیش ناتوانن خاوەندارێتی كەركوك وەربگرن و ئەگەر رەوشەكە بەم جۆرە بەرەو پێش بڕوات، ئەوا كەركوك، بە هەمو سەرچاوەكانی نەوت و گازی سروشتییەوە، دەبێت بە نێچیری توركیا.
وەفیق سامەڕائی ئەوەی ئاشكرا كردوە ئەردۆگان لەم رێككەوتنەدا لەگەڵ هەولێر، دەستی بارزانی دەكاتەوە بەرامبەر نەیارەكانی لە كوردستاندا و بەمەیش بارودۆخی نەیارەكانی بارزانی لە كوردستان بەرەو ئاڵۆزی و مەترسی دەڕوات. ئەم راوێژكارەی حكومەتی عێراق كە ئاگاداری هەندێك لە وردەكارییەكانە، ئەوەشی رونكردۆتەوە كە كوردستان و موصڵ، بە تەواوەتی چونەتە خوڵگەی توركیا و وڵاتانی كەنداوەوە.