سەرەنجام بارزانی سەبارەت بەپرسی سەرۆكایەتی هەرێم بێدەنگی خۆی شكاند، ئەو لەپەیامێكیدا بۆ “جەماوەری سەربەرزی كوردستان” خواستی شاراوەی خۆی بۆ جارێكیتر بونەوە بەسەرۆكی هەرێم یەكلایی كردەوە! ئەوەی لەو پەیامە وردبێتەوە جگە “لەدەستگرتن بەكورسی دەسەڵاتەوە”، چیدیكەی تیا ناخوێنێتەوە.
هەمو ئەوانەی كەمێك سەر لەئەلفو بێی سیاسەت دەردەكەن، باش دەزانن سەپاندنی ئەم خواستەی پارتیو بارزانی چ هەنگاوێكی مەترسیداری لەهەناوی خۆیدا بۆ ئایندەی دیموكراسی لەم هەرێمەدا هەڵگرتوە، بەهەمو پێوەرێك “درێژكردنەوە، نوێكردنەوەو هەڵبژاردنەوە”ی بارزانی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم، تەنهاو تەنها یەك مانا دەبەخشێت ئەویش “ئەتك كردنی رێساكانی دیموكراسیە”.
“دەستاودەست كردنی دەسەڵات” بنەمایەكی سەرەكی كاری دیموكراسییە، پەكخستنی ئەو بنەمایە لەهەر شوێنێكی ئەم دنیایەدا روبدات، تیرۆر كردنی رۆحی دیموكراسییە. دەستگرتنی بارزانی بەو ئەندازەیە بەكورسی دەسەڵاتەوە دوای 10 ساڵ مانەوە لەو پۆستەدا، وێنەیەكی خراپ لەكوردستان پیشانی جیهانی دەرەوە دەدات، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان زیاتر لەهەر شتێك لەم سەروەختەدا “كە زۆربەی وڵاتانو گەلانی دەوروبەرمان بەهۆی رژێمە شەڕەنگێزو تۆقێنەرەكانیانەوە لەدۆزەخی شەڕو كوشتاردا ژیان بەسەردەبەن”، پێویستی بەدەرخستنی سیمای جوانی شەفافیەتو دەستاودەستكردنی دەسەڵاتو دیموكراسییە.
قەیرانێکی گەورەی هەرێمی کوردستان، نوێ نەبونەوەی نوخبە سیاسیەكەیەتی. ئەو نوخبە سیاسییە دەسەڵاتخوازەی دابەش بون بەسەر چەند كەسو بنەماڵەو تاقمێكدا كە گەرەكیانە دەسەڵاتی خۆیانو بنەماڵەكانیان ئەبەدیو جاویدانی بكەن، ئەم نوخبە دەسەڵاتخوازە چییان لەدەستبێت دەیكەن بۆ ئەوەی سەراپای وڵاتێك بخەنە خزمەتی بەرژەوەندیو دەسەڵاتی تاكو تاقانەی خۆیانەوە.
پەیامەكەی بارزانی ئەوەی سەلماند كە ئەو نایەوێت بەهیچ شێوەیەك دەسەڵات دەستاودەست پێبكات، چونكە جگە لە”خۆیو خۆیان” كەسی تر لەسەرووی خۆیو خۆیانەوە نابینێتو ناشبێت ببینرێت. ئەگەر بارزانی روبەڕوی ناڕەزایی نەبێتەوەو ئەم خواستەی بۆ بچێتە سەر، ئەوا ئەو مۆدێلەی لەناو پارتیدا پەیڕەو دەكرێت، كە 70 ساڵە ئەو “پارتی دیموكراتە” لەلایەن باوكو كوڕێكەوە بەڕێوە دەبرێت، دەگوازێتەوە بۆ هەمو كوردستان.
رەنگە باشترین ئاماژە بۆ تێگەیشتن لەرەگو ریشەی بیركردنەوەو سایكۆلۆژیای بارزانی، خاڵێكی سەرنجڕاكێش لەیاداشتەكانی سیاسەتمەداری بەئەزمونو سكرتێری پێشووی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران “عەبدوڵای حەسەن زادە” بێت، ئەو دەڵێت “ساڵی 1975 مەلا مستەفا دەستی لەمقاوەمەت هەڵگرت، چونكە سەڕەرای ئەوەی پیرو نەخۆش بو، باوەڕی بەوەش نەبو كەس بتوانێت جگە لەخۆی كارێك بكات، یانی كەسی بەلایقی ئەوە نەدەزانی كە سەركردایەتی شۆڕشی پێبسپێرێت. مەلا مستەفا پیاوێك بو كەسی لەسەرووی خۆیەوە نەدەدی، مەشهورە گوتویەتی (خودێ مرۆ د كوردادا نینە) كورد پیاوی تیا نییە”.
ئایا مەسعود بارزانی لەپرسی سەرۆكایەتی هەرێمدا بەهەمان عەقڵییەتو مەنتیق كار ناكات؟
سەردار محەمەد
لە فەیسبوكی نوسەرەوە وەرگیراوە
from Wllat Net http://ift.tt/1LMGv7n
via IFTTT
