ڕۆژی ٤ی گوڵانی ساڵی ١٩٣٧، بەرواری تاوانێک لە تاوانە شومەکانی دژ بە گەلی کوردە.
ئەمڕۆ لە ٧٨هەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی دێرسیمدا لە باکوری کوردستان، لە هەر گۆشە و کەنارێکی کوردستان و هەر شوێنێک، کە هاوڵاتیانی کوردی لێ دەژی، یادی ئەو هاوڵاتییە سڤیلانە دەکرێتەوە، کە لەو کۆمەڵکوژیەدا گیانیان لەدەست داوە.
ڕۆژی ٤ی گوڵانی ١٩٣٧ بە فەرمانی دەستەی وەزیران، بە سەرۆکایەتیی ئاتاتورک، لە دێرسیمی باکوری کوردستان، زیاتر لە ٧٠ هەزار کوردی عەلەوی کۆمەڵکوژ کران.
بەر لەکۆمەڵکوژیەکە، لە نێوان ساڵانی ١٩٢٦ و ١٩٣١، پشکنەری موڵک و ماڵ، کە سەر بە ڕژیمی تورک بوون، چووبوونە هەرێمەکە و لە بارەی دێرسیم، ڕاپۆرتێکی بەرفراوانیان ئامادە کردبوو.
ساڵی ١٩٢٦ پشکنەری تورک بە ناوی حەمدی بێی، لە ڕاپۆرتی خۆیدا وتویەتی: دێرسیم بۆ کۆماری تورک وەکوو ژەهرە، بۆ ئارامیی وڵات، پێویستە لەو ژەهرە پاک بکرێتەوە.
ڕۆژی ٢٥ ی دێسامبری ساڵی ١٩٣٥ بە ناوی یاسای تونجەلی، ناوی ‘دێرسیم’ کرا بە ‘تونجەلی’.
ساڵی ١٩٣٦ ژەنەرال عەبدوڵڵا ئالدۆغان بوو بە بەرپرسیاری دەزگای پشکنەری گشتیی سەر بە دەوڵەت و دەستووری دەرکردنی هاوڵاتیانی دێرسیمی لە تورکیە دا.
مستەفا ئاتاتورک لە ١ی نۆڤامبری ١٩٣٦، لە وتارێکیدا لە مەجلیسدا وتبووی: دێرسیم پرسێکی گرنگ و ناوخۆیی تورکیەیە.
ساڵی ١٩٣٦ بە درووستکردنی سەربازگە لە ئاموتکا، پولور، کارائۆڵان، سین، حەیدەران، دانزیک و بورناک، کۆمەڵکوژیی دێرسیم دەستیپێکرد.
ساڵی ١٩٣٨یش، لە هەرێمەکانی کوتودەرە، قرمزیداغ، سین، هاڵڤۆری، عەلیبۆغاز و لاچ، کە وەکوو هەرێمی قەدەغەکراو ڕاگەیاندرابوون، کۆمەڵکوژی ئەنجام درا.
لە ئەنجامدا زیاتر لە ٧٠ هەزار هاوڵاتی سڤیل و کوردی عەلەوی کۆمەڵکوژ کران، ٦ هەزار گوند سوتێنران و هەزاران کەس، ئاوارەی شارەکانی تری تورکیە کران.
هێشتا لە دێرسیم زیاتر لە ٣٠ گۆڕی بە کۆمەڵ هەن، بەڵام تا ئێستە داخوازییەکان بۆ هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە، کە لە ناو یەک لەو گۆڕانەدا سەید ڕەزایش هەیە، لە لایەن ڕژیمی تورکەوە پەسەند نەکراوە.
from Wllat Net » Wllat Net http://ift.tt/1buEI79
via IFTTT
