نوێترین

recent

23/11/2014

پینتاگۆن (354) ملیۆن دۆلار بۆ پڕچەککردنی پێشمەرگە تەرخان دەکات

ووڵات نێت |

بەپێی بەڵگەنامەیەکی نوێ، کە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پینتاگۆن) ئاراستەی کۆنگرێسی وڵاتەکەی کردوە، داوای پڕچەککردنی هێزەکانی عێراقی کردوە لەناویاندا هێزەکانی پێشمەرگەو سوننەکان لەپارێزگای ئەنبار.
بەپێی بەڵگەنامەکە کە هەفتەی رابردو ئاراستەی کۆنگرێسی ئەمەریکا کراوەو رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردوەتەوە، داوایکردوە لە بودجەی پینتاگۆن بۆ ساڵی دارایی (2015)، بڕی (1.6) ملیار دۆلار بۆ پڕچەککردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق تەرخان بکرێت لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە، بۆ روبەڕوبونەوەی چەکدارانی داعش. 
بەڵگەنامەکە لە (16) پەڕە پێکهاتوەو هێڵە گشتییەکانی دیاریکردوە، بە جۆرێک لەو بڕە، (354) ملیۆن دۆلاری بۆ پڕچەککردنی پێشمەرگەو (24.1) ملیۆن دۆلاریش بۆ ئامادەکردن و پڕچەککردنی هێزی ئەمنی هۆزەکان لە پارێزگای ئەنبار.
باس لەو چەک و کەلەوپەلە سەربازیانەش کراوە کە پینتاگۆن داوایکردوە، لەناویاندا (57600) هەزار چەکی جۆری (M4) کە بەرهەمی کۆمپانیای (كولت ديفينس)ی ئەمەریکیەو لە راپۆرتەکەدا نرخی هەر دانەیەکی بە (647) دۆلار خەمڵێندراوە، داواشیکردوە لەو رێژەیە (43200) دانەی بۆ یەکەکانی سوپای عێراق ئەوەشی دەمێنێتەوە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.
جگەلەوەش داوایکردوە پێنج هەزار چەکی جۆری (کڵاشینکۆف) بۆ هێزە عەشایرەکان بکڕدرێت، کە تێچوەکەی بە (37) ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە، هەروەها دابینکردنی چەندین جۆری دیکەی چەک و هاوەن و کاتیۆشاو بەرگی گولەنەبڕ و ئۆتۆمبێلی سەربازی بۆ هێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085