

ووڵآت نێت/
دەنگۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لەھەرێمی کوردستان ھەیە بەتایبەت لەسنوری پارێزگای دھۆک، وەزارەتی تەندروستیش ڕەتیدەکاتەوە ھیچ حاڵەتێکی کۆلێرا لەھەرێمی کوردستان تۆمارکرابێت.
د. خاڵس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ SNN ئاشکرایکرد، تائێستا ھیچ حاڵەتێکی کۆلێرا لەھەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە، وتیشی:"تەنھا ڕێوشوێنی پێویستمان گرتۆتەبەر".
ئەوەشی ڕوونکردەوە، ئەوان وەک وەزارەتی تەندروستی ترسیان ھەیە لەوەی کە تائێستا نەتوانراوە سەرجەم ئاوارەکان لەنێو کەمپێکدا کۆبکرێنەوە، بەو ھۆیەشەوە "ڕێوشوێنی پێویستمان گرتۆتەبەر، بەتایبەت لەپارێزگای دھۆک".
ئەوەشی ئاشکراکرد، بەھۆی مەترسیەکانی سەرھەڵدانی ئەو نەخۆشیە لەکوردستان و لەڕێگەی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکان، ئەوەشی وت:"ڕێکخراوە جیھانیەکانیش ھاوکارییان کردووین و لەئێستاشدا ئەوەی پێویستە کردوومانە".
باسی لەوەشکرد، ھەڵمەتێکی ھۆشیارییان لەنێو کەمپ و لەنێو شوێنی نیشتەجێبوونی ئاوارەکاندا دەستپێکردووە، کە چۆن بتوانن خۆیان بپارێزن لەنەخۆشی سکچوون و ئەو نەخۆشیانەی دیکەش کە تایبەتن بەم وەزرەکان.
ئەو دەنگۆیانەشی ڕەتکردەوە، ھیچ نەخۆشیەکی نوێ یان ڤایرۆسێکی کوشندە لەھەرێمی کوردستان بڵاوبووبێتەوە، وتیشی:"ھیچ نەخۆشی و ڤایرۆسێکی کوشندە بڵاونەبۆتەوە، تەنھا سکچون و نەخۆشی گرانەتان بەشێوەیەکی بەرچاو تۆمارکراون لەنەخۆشخانەو بنکە تەندروستیەکانی کوردستاندا".
نیشانەکانی نەخۆشی کۆلێرا بریتیە لەبێھێزی کەسی توشبوو، سکچون بەڕێژەیەکی زۆرو بەبەردەوامی، ڕشانەوە، ئازاری دەماری قاچ، کەمبونەوەی شلەمەنی و ئاوی لەشی کەسی توشبوو، لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەی گەرمای لەش.
نەخۆشی کۆلێرا لەڕێگەی بەکتریای کۆلێراوە (cholera) دروستدەبێت کە بەھۆی خواردن و خواردنەوە بۆ مرۆڤ دەگوێزرێتەوە، نەخۆشییەکە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کۆئەندامی ھەرسی مرۆڤ دروستدەکات و تووشی سکچوون و ڕشانەوەیەکی توندی دەکات، ئەگەر بەزووییش چارەسەرنەکرێت ئەوا بەھۆی وشکبوونەوەو دابەزینی خێرای پەستانی خوێنەوە، لەماوەی (١٨) کاتژمێردا مرۆڤەکە دوچاری مردن دەکات.