نوێترین

recent

16/07/2014

مه‌رجه‌كان بۆ بون به‌سه‌رۆك كۆمار

سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق داوا لە هاوڵاتییانی عێراق دەكا سیڤی خۆیان پێشكەشی پەرلەمان بكەن بە مەبەستی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق، چەند مەرجێكیش بۆ كاندیدانی ئەو پۆستە دیاری دەكا.
بە گوێرەی راگەیاندراوێكی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەركۆمار دەكاتەوە.
سەرۆكایەتی پەرلەمان داوا لە هەموو ئەوانە دەكا كە ئارەزووی خۆپاڵاوتن دەكەن، داواكاری نوسراو پێشكەش بە نووسینگەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، دوا مۆڵەت بۆ پێشكەشكردنی داواكارییەكان، كۆتایی دەوامی فەرمی رۆژی ٢٠ی تەمووزی ٢٠١٤یە.
پێویستە لەگەڵ داواكارییەكەدا ژیاننامە و ئەو بەڵگەنامە رەسمییانە پێشكەش بكرێ كە چەند مەرجێک بسەلمێنن، وەک لەدایکبوون لە دایک و باوکێکی عێراقی و چل ساڵی تەمەنی تەواو كردبێ.
هەروەها جاوەنی ناوبانگێكی باش و ئەزموونی سیاسی بێ و گەواهی بۆ بدرێ لەڕووی دەستپاكی و بەردەوامی و دادپەروەری و دڵسۆزی بۆ نیشتمان.
هاوکات، بە تاوانێك حوكم نەدرابێ و ئاستی خوێندنی لە بڕوانامەی زانكۆ کەمتر نەبێ.
سێشەممە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق دەستنیشان كران، بە گوێرەی یاسا پێویستە پۆستی سەركۆماری عێراق لە ماوەی سێ‌ رۆژی دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دیاری بكرێ‌ و ناوی پاڵێوراوانی ئەو پۆستە بگاتە پەرلەمان.
بەپێی دەستوور، پەرلەمان 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ هەڵبژاردنی سەركۆمار و جێگرەكانی.
لە ساڵی 2005ەوە سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لە نێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراق دابەش كراوە، پۆستی سەركۆمار بۆ كورد و جێگری یەكەم بۆ شیعە و جێگری دووەم بۆ سونە.
پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ شیعە و جێگری یەكەم بۆ سونە و دووەم بۆ كورد، پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ سونە و جێگری یەكەم بۆ شیعە و دووەم بۆ كورد.
لە ساڵی 2005 جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتیی ی.ن.ك وەك سەركۆماری عێراق هەڵبژێردرا، ئەو لەو پۆستەدا مایەوە تا ڕۆژی نەخۆشكەوتنی لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣.
لەو رۆژەوە تاڵەبانی لە نەخۆشخانەیەكی وڵاتی ئەڵمانیایە و پۆستەكەشی وەك خۆی ماوەتەوە و لە لایەن جێگرەكەیەوە بە كاتیی بەڕێوە دەبرێ‌.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085