نوێترین

recent

19/07/2014

نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی گەڕانەوەی تاڵەبانی لە گەلی كوردستان دەكات


سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەپەیامێکدا وێڕای دەربڕینی دڵخۆشی خۆی بە گەڕانەوەی مام جەلال، سوپاسی ئەڵمانیا و تیمە پزیشکییەکەی تاڵەبانی دەکات و پیرۆزباییش لە گەلی کوردستان دەکات.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان لە پەیامێكدا پیرۆزبایی گەڕانەوەی جەلال تاڵەبانی لە گەلی كوردستان ده‌كات و رایگەیاند، "رۆڵی جه‌نابیان لە ژیانی سیاسیی كوردستان و عێراق رۆڵێكی مێژوویی بووە و رۆژی گەڕانەوەیشی بۆ وڵات رۆژێكی مێژووییە بۆ گەلی كوردستان".

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی کەسایەتی سیاسی مام جەلال، لە پەیامەکەیدا دەڵێ، "لە خەباتی شاخ و سیاسی لە مێژووی سیاسیی نوێی كوردستاندا خاوەن پێگەیەكی زۆر گەورە بووە".

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێیوایە، تاڵەبانی رۆڵێکی مێژوویی هەبووە و "نەخۆشكەوتن و دووركەوتنەوەیشی لە كوردستان و عیراق، زۆر بە ڕوونی بە ژیانی سیاسی و حوكمڕانیی عیراقەوە دیار بووە".

جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری عێراق و سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە بەرواری 17.12.2013 لە بەغدا بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە باری تەندروستی تێکچوو، دواتر رەوانەی نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا کرا و دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، بڕیارە رۆژی شەممە 19.7.2014، بگەڕێتەوە سلێمانی.

دەقی پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبانەوە

زۆر سوپاسی خوای گەورە دەكەین كە جه‌نابی مام جەلال و كوردستان و خەڵكی كوردستانی بە یەكتر شاد كردنەوە، هەروەها سوپاسی وڵاتی ئەڵمانیای دۆست و هەموو ئەو تیمە پزیشكییانە دەكەین كە ماوەی ڕابردوو لە چارەسەركردنیدا ئەركیان لەگەڵ كێشاین. هەر به‌م بۆنەوە لە دڵەوە خۆشحاڵیی خۆمان دەردەبڕین و بەخێرهاتنەوەیەكی گەرمی لێ دەكەین و پیرۆزباییش لە هەموو گەلی كوردستان دەكەین.

سەرۆك مام جەلال ڕۆڵێكی سەركردانەی گرنگی هەبووە لە ژیانی سیاسی و شۆڕشی كوردستان و عیراقدا، لە سەختترین ڕۆژگاردا خۆڕاگری نوواندووە و بەرگری لە مافەكانی گەلەكەی كردووە، هەروەها لە خەباتی شاخ و سیاسی لە مێژووی سیاسیی نوێی كوردستاندا خاوەن پێگەیەكی زۆر گەورە بووە. لە دوای ڕاپەڕینیشەوە لەگەڵ سەرۆك مەسعوود بارزانی ڕۆڵێكی هەرە گرنگیان گێڕاوە لە چەسپاندنی ئەزموونی دیموكراتیی گەلی كوردستان و دابینكردنی فرەییی سیاسی و دروستكردنی ژیانی پەرلەمانی لە كوردستاندا. نەخۆشكەوتن و دووركەوتنەوەیشی لە كوردستان و عیراق، زۆر بە ڕوونی بە ژیانی سیاسی و حوكمڕانیی عیراقەوە دیار بووە، چونكه‌ ڕۆڵێكی مێژوویی هه‌بووە و ڕۆژی گەڕانەوەشی بۆ وڵات ڕۆژێكی مێژووییە بۆ گەلی كوردستان.

دووباره‌ بە ناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە ناوی خۆشمەوە، به‌ گه‌رمی بەخێرهاتنەوەی دەكەین و پیرۆزبایی لە هەموو گەلی كوردستان دەكەین، هیوای سه‌لامه‌تی و ته‌مه‌ندرێژی بۆ ده‌خوازین و دڵنیاین هاتنەوەیان مایەی خێر و خۆشی دەبێت بۆ هەموو گەلی كوردستان.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وه‌زیرانی هەرێمی كوردستان
19ی ته‌ممووزی 2014
Picsart-24-02-23-21-31-09-085