
یه‌كێتیی هیچ جۆره پرۆژه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیی به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچە دابڕێنراوەکان بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان قبوڵ ناكات
وا بڕیاره هه‌فته‌ی داهاتوو پرۆژه یاسای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ریقراندۆم له‌په‌رله‌مانی كوردستان گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت و ئه‌و پرۆژه یاسایه‌ش له لایه‌ن لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه گفتوگۆی ته‌واوی له‌سه‌ر كراوه.
له‌و باره‌یه‌وه د. رێواز فایه‌ق ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر فراكسیۆنی سه‌وزی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان راگه‌یاند: پرۆژه یاسای كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان له ئێستادا له په‌رله‌مان خۆێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆكراوه‌و ئاڕاسته‌ی لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌كان كراوه بۆ ئه‌وه‌ی راپۆرتی له‌سه‌ر بنوسن، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه پرۆژه‌یه‌كی نیشتمانییه یه‌كێكه له‌و پرۆژه یاسا گرنگانه‌ی كه ره‌هه‌ندێكی نیشتمانیی هه‌یه و په‌یوه‌ندی به‌هه‌موو هێزه سیاسیه‌كانی كوردستانه‌وه هه‌یه و خه‌می سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ئه‌نجامدانی راپرسی له ناوچه گه‌ڕێنراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان مه‌سه‌له‌یه‌كه كه خه‌می هه‌موو هاووڵاتییه‌كه و خه‌می هه‌موو هێزه سیاسیه‌كانه و په‌له‌مان ده‌بێت ئه‌و مه‌سه‌له‌یه یه‌كلایی بكاته‌وه و ده‌بێت دامه‌زراوه‌یه‌ك هه‌بێت ئه‌م ئه‌ركه بگرێته ئه‌ستۆ ئه‌م كۆمسیۆنه ده‌بێت هه‌موو هێزه سیاسیه‌كان رێككه‌وتن و سازانی له‌سه‌ر بكه‌ن.
وتیشی: له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه، ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه له‌نێوان سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان و سه‌رۆكی لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌كاندا كراوه، سه‌باره‌ت به به‌هێزكردنی خاڵه هاوبه‌شه‌كان و لێكتر نزیككردنه‌وه‌ی خاڵه ناكۆكه‌كان له نێوان فراكسیۆنه جیاوازه‌كانی په‌رله‌ماندا.
د. رێواز ئاشكراشیكرد، ئه‌وه‌ی بۆ فراكسیۆنی سه‌وزی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان زۆر گرنگه، ئه‌وه‌یه كه ئه‌م كۆمسیۆنه بتوانێت ئه‌ركی راپرسی له ناوچه دابڕێنراوه‌كان و گه‌ڕێنراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامبدات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هیچ جۆره پرۆژه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیی به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان قبوڵ ناكات و ئه‌وه‌ی ئێمه به‌لامانه‌وه گرنگه جارێك كه‌ركوك و خانه‌قین و سنجارو هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی كه ئێستا به‌گوێره‌ی ده‌ستوری عیراق، ناوچه‌ی جێناكۆكیان پێده‌وترێت و له‌رووی واقیعیه‌وه ئێستا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه‌دان، بگه‌ڕێنرێنه‌وه ئینجا باس له پرۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بكرێت، بۆیه پێداگرییه‌كانی ئێمه له‌ناو پرۆژه‌ی یاسای كۆمسیۆن زۆرتر پێداگریكردنه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌م كۆمسیۆنه ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت له‌و ناوچانه‌داو راپرسی ئه‌نجامبدات، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانی تر دانوستان كراوه.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كێتی وتیشی: من پێم وایه ئه‌گه‌ر لیژنه‌كان راپۆرت ئاماده بكه‌ن و هێزه سیاسیه‌كان بگه‌نه دانوستان، ره‌نگه هه‌فته‌ی داهاتوو پرۆژه یاسای كۆمسیۆن له‌په‌رله‌مان گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت.
راشیگه‌یاند: هه‌رچی پرۆژه‌یاسای ریفراندۆمه تائێستا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ نه‌كراوه.