
شۆبنهاور وتی:ڕۆژنامەنووسی ؛دەستی دووهەمی مێژووە،بەڵام بەداخەوە ئەو دەستە باش کارناکات.
ئەمڕۆ ڕۆژنامەگەریی کوردیی هێندە شێواوە ئەگەر لێم بپرسن: ئێوە چیتان هەیە ،گومانم نییە لەوەی بڵێم:تەنها خاوەنی مەکینەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی ڕسوایی ئەوی ترین!
نە بەهای پێوویستی ماوە و نەگاریگەریی گەورەی هەیە .
ئێستا وەک جاران نییە ڕاگەیاندن تەنها مرۆڤی گەمژە دروستبکات ،بەڵکو مرۆڤی گەمژە بەڕێوەی دەبات و گەمژەکانیش بە جنێو نووسین پاڵپشتی دەکەن.
ئێستای ڕۆژنامەگەریی کوردیی سەرڕێژە لە ئەوانە کە ڕێزی ڕاستی و وردبینی و بوێری و بابەتی بوونیان بەجێهێشتووە .
بۆ یەلینین سەدەیەک بەر لە ئێستا دەیووت :ڕۆشنیرەکان لە هەمووان زیاتر توانای خیانەتکردنیان هەیە چونکە لە هەمووان لێزانترن لە بیانووهێنانەوە .
کارەکە بەدەست ئەهلی قەڵەمەوە نەماوە و کەوتووتە دەست کۆمەڵێک لاکە وتە ،کە کاریان ئەتک و شکاندن و هەواڵگیریە خراپەکاریی و برەودانە بە جنێو و گەورە کردنی پرووپووچییەکان و شکاندنی ڕۆڵی جدیانەی نووسین و بیرکردنەوە مەزنەکان.
کەمێک کاتی خۆتان بە هەدەربدەن ،دەبینن کە کەناڵە کوردییەکان و سۆشیاڵ میدیایی کوردیی چ زەلکاوێکی پیس و ناشیرینە .
ئەمە بەشی زۆری حیزبەکان لێی بەرپرسیارن و ئەمجۆرە ڕۆژنامەگەرییەیان دەوێت و بەشەکەی دیش کلتووری ئێمە یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ خوڵقاندنی ئەمجۆرە گوتارە ترسناکە.
هیچ کۆمەڵگایەک بە چەک و شەڕ بە تەواوەتی لە ناو ناچێت ،هێندەی بەوە لە ناو دەچێت کە واقیعی ژیانی لێبکەیتە نوکتەیەکی پڕووپووچ .
لە ڕاستیدا کۆمەڵگای ئێمە ڕێک لەم دۆخەدا دەژی ،ڕاگەیاندن هەموو شتێکی لێکردووینەتە نوکتە.
بە پێوویستی دەزانم لە جیاتی درۆی پیرۆزبایی و بە لاغی هەزیل و چرووک ،بە هەموو لایەک کار بکەین بۆ گێڕانەوەی کەمێک شکۆی لە دەستچوو بۆ ڕۆژنامەگەریی کوردیی و هەوڵبدەین زەلکاوەکە وشکبکەین .
دەنا شەرمە خۆمان لە ڕیزێکا ئەژماربکەین کە پێیدەوترێ ڕۆژنامەنووسانی کورد !
خۆ دەزانم بەشێک لە ئەوانەی ئەم نووسینە دەخوێننەوە پڕن لە ڕق و بە جنێو و بوهتانەکانیان خۆیان بەتاڵدەکەنەوە ،بۆ ئەمەش گەردنی گەمژەیتان ئازادبێت
ئەحمەد میرە