
یادی 127 ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی پیرۆز بێت
* با یادی 127 ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی هاندەرمان بێت بۆ پابەندبوون بە بنەما ئیتیکییەکان و پشتیوانی لە ئازادی ڕادەربڕین
ڕۆژنامەنووسانی کوردستان
میدیاکارانی ئازیز
یادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە هەموو لایەک پیرۆز دەکەم، بە تایبەت ئەو قەڵەمە سەنگین و ڕۆژنامەنووسە ژن و پیاوانەی ژیانیان تەرخان کردووە بۆ گەیاندنی ڕاستیی، گواستنەوەی وێنەکان، پیشاندانی واقیع وەک خۆی بە بێ ڕتووش و دەستکاریکردن، لەو پێناوەشدا قوربانیان داوە.
بە درێژایی قۆناغەکانی پێشکەوتن و گەشەکردنی مێژووی کاروانی ڕۆژنامەگەری کوردی، بەردەوام پۆلێک لە مەشخەڵ هەڵگرانی ڕووناکی و دەنگی بەرزی داد و یەکسانی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی وەک ڕابەر و چاوساغی کۆمەڵگە خەباتیان کردووە بۆ بەدیهێنانی خواست و ئامانجە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانمان.
لەم ڕۆژە پیرۆزەدا یادی هەموو ئەو قەڵەم، دەنگ و شۆڕەسوارانەی وشە و کاروانی ڕۆژنامەگەری کوردی دەکەینەوە، کە لە ئاست بەرپرسیارێتی وشەدا ژیان، تەمەنیان تەرخان کرد بۆ خزمەتی کاروانەکە.
بەڕێزان..
ئێستا ئێمە لە هەلومەرج و سەردەمێکی نوێی تەکنیک و پێشکەوتنی ئەلیکترۆنی و بەردەستبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانین و یادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی دەکەینەوە، هەر بۆیە پێویستە وەک چۆن میقداد مەدحەت بەدرخانی نەمر، لە ئاست بەرزی وشەدا دەستپێکی بزاوتی ڕۆژنامەوانی کوردی بە ناوی "کوردستان" دەست پێ کرد، ئێمەش لە ئاست ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی قۆناغی ئێستای بزاوتەکەدا بین، گوتار و ناوەڕۆکی پەیامی ڕاگەیاندنمان بخەینە خزمەتی کوردستان چ وەک نیشتمان و چ وەک کۆمەڵگە، ئەمەش بە پابەندبوونی هەموو لایەک بە بنەما پیشەیی و ئیتیکییەکانی کاری ڕۆژنامەوانی دەبێت.
ئەم یادە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان جەژنی وشە و دەستپێکی تێکۆشانی مەدەنیانەی ڕووناکبیر، نووسەر و ڕۆژنامەنووسانی کوردە، لە پێناو بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش بۆ نیشتمان و بەدیهێنانی ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان، چونکە ئەوی ڕۆژێ، ڕووناکبیرێکی وەک میقداد مەدحەت بەدرخان، بە تەنیا وەک ڕووناکبیرێکی کورد شۆڕشێکی مەزنی وشەی لە بەرامبەر ستەم و چەوساندنەوە و داگیرکاری عوسمانییەکان دەست پێ کرد.
مایەی شانازیمانە، کە لە ماوەی کارکردنمان لە پۆستی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، هەمیشە پشتیوانی دەنگی ڕەوا، ماف و ئازادییەکانی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەنووسی بووین. شانازی ئەوەمان پێ بڕاوە لە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەی بەردەوامدا بین لەگەڵ ڕۆژنامەنووس، ڕێکخراو و ناوەندە پیشەییەکانی ئەو بوارە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، لە پێناو بژاری هەڵە و کەموکوڕییەکان و ڕاستەڕێ کردنی کاروانی ڕۆژنامەنووسیمان.
جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە، کە ئێمە پشتیوان، هاوکار و سەرخەری دەنگی ئازادانەی ژنان و پیاوانی ڕۆژنامەنووسی کوردستانین بێ هەڵاواردن و جیاوازی. هەروەها وەک داکۆکیکارێک لە ئازادی مافی ڕادەربڕین و هەموو ئەو مافانە دەمێنینەوە، کە لە پەیماننامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بۆ مرۆڤ بە گشتیی و ڕۆژنامەنووسان بە تایبەتی دەستەبەر کراون. هەوڵی دڵسۆزانەشمان بۆ ڕێکخستنی چوارچێوەی میدیایی لە پێناو ڕەخساندنی ژینگەیەکی باشتر بووە بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستاندا.
دووبارە پیرۆز بێت یادی ڕۆژنامەگەری کوردی.
دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی سەرقافڵەی کاروانی ڕۆژنامەگەری کوردی، میقداد مەدحەت بەدرخان و هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە پێناو گەیاندنی ڕاستی، چەسپاندنی داد، ڕووبەڕووبوونەوەی قۆرغکاری، گەندەڵی، ستەم و نادادی گیانی خۆیان بەخت کردووە.
حەمەی حەمەسەعید
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان
21ـی نیسانی 2025