نوێترین

recent

04/06/2024

ڤیان سه‌بری: دەبێ حکوومەتی عێراق پابەند بێت و پێش جەژن مووچە بنێرێت.



سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ بە هەوڵی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، توانرا به‌شه‌ بودجه‌ی عێراق و پشكی هه‌رێمی كوردستان دیار بكرێت و له‌سه‌ر حكوومه‌تی عێراقه‌، كه‌ پێیەوە پابه‌ند بێت.

د.ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی لە بەغدا، بۆ (باسنیوز) گوتی: "به‌ هه‌وڵی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان و عێراقیش، توانرا بودجه‌ی گشتیی عێراق و پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌و بودجه‌یه‌ دیار بكرێت، كه‌ به‌م شێوه‌یه‌یه‌ 211 ترلیۆن و 900 ملیار دینار بۆ هەموو عێراق تەرخان کراوە، لەو بڕە پارەیەش 20 ترلیۆن و 910 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستانە، کە نزیکەی 11 ترلیۆن و 600 ملیار دینار لەو بڕە بۆ مووچەی فەرمانبەران و چاودێریی کۆمەڵایەتییە.“

دەشڵێت: ”پێویستە مانگانە 965 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و چاودێریی کۆمەڵایەتی بێت.“
له‌باره‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ پێش جه‌ژن، ڤیان سەبری رایگه‌یاند: ”لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی هەماهەنگیی باش هەیە، بۆیە حکوومەتی عێراق دەبێ پابەند بێ و مووچەکە بەر لە جەژن بنێرێت.“

ئه‌وه‌شی خسته ‌روو: ”له‌و رۆژه‌وه‌ی ئه‌و بودجه‌یه‌ په‌سه‌ند كراوه‌، دەبێ حكوومه‌تی عێراق پابه‌ند بێته‌ به ‌ناردنی مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هەرێمی كوردستان، ئەوەی گرنگە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گەرەنتی کراوە کە مانگانە 965 ملیار دینارە و وەکوو فراکسیۆنەکانی کوردستانی لە بەغدا، چاودێریی جێبەجێکردنی یاسای بودجە دەکەین. هەروەها سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی كوردستان بۆ بەغدا، پێوەست بە چەندپرسیك گرنگ و لەپێناو مسۆگەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانیش بوو.“
گوتیشی: نابێت پرۆسەی وردبینی لە پرسی مووچەدا، بگاتە دوو هەفتە و سێ هەفتە و ببێتە پاساو بۆ دواکەوتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەران.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085