
پەرلەمانتارێکی دیاری عێراق فەرمانبەرانی ھەرێم ئاگادار دەکاتەوەو ڕایدەگەیەنێت: (ھەژماری من) موچەی پێ وەرناگیرێت.
یوسف کلابی کە یەکێکە لەئەندامە دیارەکانی پەرلەمانی عێراق لەپەیامێکدا بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم ئاماژەی بەوەداوە، "فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاگاداریتان.. میوانداریی بەڕێوەبەری بانکە حکومیەکانمان کرد لەلیژنەی دەستپاکی سەبارەت بەتەوتین، بۆیە دەمانەوێ بەکورتی ڕونی بکەینەوە".
دەڵێت:"ھەر تەوتینێک لەدەرەوەی بانکە حکومیە فیدڕاڵیەکان، نافەرمیەو موچەکەتی پێ وەرناگیرێ، مەبەستم (ھەژماری من)ە، دواتر بانکە حکومیەکان ئامادەی تەوتینکردنن، دواخستنەکە لەحکومەتی ھەرێمەیەوە".
پێشتریش موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندبوو، تێگەیشتن لەنێوان ھەرێمو بەغدا ھەیە بۆ بەردەوامیدان بەناردنی موچەی موچەخۆرانی ھەرێم کە ھاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مانگانە موچەی موچەخۆران ڕەوانەبکرێت.
موعین کازمی وتیشی:”بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی ھەرێم لەڕێگەی بانکەکانی ڕەشیدو ڕافیدەینەوە دەبێت بۆ ئەوە لقی بانکەکانی ڕەشیدو ڕافیدەین دەکرێنەوەو پێویستە ئاسانکاریی بۆ ئەو ھەنگاوە بکرێت”.