نوێترین

recent

05/07/2019

کەى دۆر، کۆمپانیا نازدارەکەى عەلى باپیر


وڵات_ سرود عەبدوڵا

ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامى ماوەى چەندین ساڵە لەڕێگەى چەند کەسێکەوە بەنهێنى کۆمپانیایەکى دامەزراندووە کە داهاتى مانگانەى کۆمپانیاکە دەگاتە ١٠٠ هەزار دۆلارى ئەمریکى.

بەگوێرەى ڕاپۆرتێکى بنکۆڵکارى ڕۆژنامەوانى تایبەت بە وڵات، کە تیمى ڕۆژنامەوانى پێ هەستاوە بەگوێرەى چەندین بەڵگە دەستیان کەوتووە، کۆمپانیاى کەى دۆر کە لەبوارى پلاستیک کاردەکات و سەربە گروپى کۆمپانیاکانى ڕێبەرە، موڵکەیەتى ناڕاستەوخۆى دەگەڕێتەوە بۆ عەلى باپیر ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامى.

بەگوێرەى ئەو سەرچاوەى زانیارییانەى کە لە کەسایەتى ناو کۆمپانیاکە و دەرەوەى کۆمپانیاکە قسەیان بۆ وڵات کردووە، کۆمپانیاى (کەى دۆر) بۆ بەرهەم هێنانی نەخشی دەرگای پلاستیکی و کۆمەڵێكی دیکەی پێداویستی پلاستیك خاوەنداریەتى ناڕاستەوخۆى  دەگەڕێتەوە بە عەلی باپیری ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، لەڕێگەى چەندین کەس و بازرگانى سەربەخۆیەوە سەرپەرشتى دەکرێت.

لۆگۆى کۆمپانیاى کەى دۆر


کۆمپانیای کەی دۆر کێن و کاری چیە؟
کۆمپانیای کەی دۆر یەکێکە لە 5 کۆمپانیا گەورەکەی کوردستان و عێراق و لە ساڵی 2012 دامەزراوە و ڕکابەری پلەی یەکەمی دەکات لە دروستکردنی نەخشی دەرگای پلاستیك و پێداویستیەکانی بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکە لە گوندی ئەستریلانی سەربە ناحیە چوارقوڕنەیە.

پاش بەدواداچوونێکی وردی ماڵپەڕی وڵات ئەوە دەرکەوت کە کۆمپانیاکە خاوەنداریەکەی بۆ عەلی باپیر دەگەڕێتەوە بەڵام بەهیچ شێوەیەك خۆی سەرپەرشتی و تەنانەت سەردانیشی ناکات تەنها لە ڕێگەی چەند کەسێکی متمانە پێکراوی خۆی کۆمپانیاکە بەڕێوە دەبات و تەنانەت بۆ ئاشکرانەبوونی ئەوەی کە کۆمپانیاکە هی ئەوە ئەوکەسانەشی کردوە بەشەریك لە کۆمپانیاکە ناوى لەهیچ سجل و وەرەقەیەکى کۆمپانیاکە نیە.

داهاتى کۆمپانیاکە لەبانکەکانى هەولێر و تورکیا هەڵگیراوە 

بە گوێرەى زانیارییەکانى وڵات_ کۆمپانیاکە یەکەمجار بەناوی گارگەی توانابووە لە ڕانیە دەستی بە کارەکانی کردوەو  دواتر ناوی بەرهەمەکانیان کردوە بە کەی دۆر، ئەوەش پاش فراوانبوونی کارەکە هاتووە بڕیاریانداوە کۆمپانیاکە بگوازنەوە بۆ گوندی ئەسیریلان و لەوێش ناوی کۆمپانیاکە دەگۆڕن بۆ ڕێبەر گروپ و کارگەى ڕێبەر و بەرهەمەکانیش دەکەن بە کەی دۆر و کەی بۆرد.

هەر بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات _ کۆمپانیاکە بەرهەمەکانی دەنێرێت بۆ سەرجەم شارەکانی عێراق و بۆتە یەکێك لە ناوە دیارەکان لە بوارەکەی خۆیدا، بۆیە مانگانە داهاتێکى باش پەیدا دەکات و لەچەندین حسابى بانکى لەناوە و دەرەوەى وڵات پارەى داناوە.
 بەگوێرەى چەندین پسوڵەى ژمێریارى کە سەرچاوەکانى وڵات، لە ڕاپۆرتە بنکۆڵکارییەکەدا بۆ تیمەکەى وڵات خستیانەڕوو، داهاتی کۆمپانیاکە مانگانە نزیك دەبێتەوە لە 100 هەزار دۆلار مانگانەش داهاتى لەو بڕە کەمتر و زیاتر دەبێت بەگوێرەى ڕێژەى فرۆش، هەرچى لەبارەى دەستى کارى کۆمپانیاکەوە هەیە نزیکەی 30 کرێکار بە مووچەی جیاواز کە کەمترینیان 500هەزارە و زۆترینیان  یەک ملیۆن و 200 هەزارە کاردەکەن.

سەرپەرشتیارانى کەى دۆر لەگەشتێکى ئیتاڵیا _ فڕۆکەخانەى میلانۆ


هەر بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى دەستى وڵات کەوتوون، داهاتی کۆمپانیاکە دەچێتە چەند بانکێک لە (هەولێر و تورکیا) وە پارەدان و پارە وەرگرتنیش تەنها لە ڕێگەی بانکەوەیە و کارەکان لە ڕێگەی چەند نوێنەرێکی عەلى باپیرەوە لە هەولێر و تورکیا ڕایی دەکرێن.

وڵات لە ڕاپۆرتە بنکۆڵکاریدا ناوى ئەو کەسانە ئاشکرادەکات کە کەسى نزیکى عەلى باپیر ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامین و هاوبەشى ئەون لەم کۆمپانیایەدا، بەگوێرەى ووتەى ئەو سەرچاوانە کەسە نزیکەکانی عەلی باپیر کە سەرەتا تەنها کاریان بۆ ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامى کردووە، بەڵام دواتر بوون بە هاوبەشی  کۆمپانیاکە بریتین لە (حاجی رەسوڵ و کوڕەکانی رێبەر و ڕەوا، حاجی عومەر و توانای کوڕی کە لە ئێستادا توانا لەوێ دەستی لەکارکێشاوەتەوە وە سەرەتاش کۆمپانیاکە بەناوی ئەوەوە بووە)، خزمایەتی ئەوکەسانە لەگەڵ ئەمیری کۆمەڵ زۆر ڕوون نیە بەڵام کەسانی متمانە پێکراوی ئەمیرن و لەگەڵ ئەو کاردەن هەم وەکو هاوبەش هەم وەکو بەڕێوەبەرى ڕاستەوخۆى کۆمپانیاکەن بۆ شاردنەوەى خاوەندارییەتى کۆمپانیاکە بۆ ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامى.
هەر بەگوێرەى زانیارییەکان، تا ماوەیەك پێش ئێستاش هەر کاتێک ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامى گەڕابێتەوە ڕانیە ماوە ماوە بەشەو سەردانی ماڵی حاجی ڕەسوڵی کردوو لە ڕانیە و وێنەکانیشیان لە فەیسبووك بڵاودەکردەوە بەڵام دوای وازهێنانی توانا و گۆڕینی ناوی کۆمپانیاکە بەناوى تواناوە بۆ ڕێبەر تەواوی ئەو وێنانە سڕانەوە، وەکو ئاماژەیەک بۆ تێکچوونى پەیوەندییەکە.

عەلى باپیر بۆ شاردنەوەى ناوى خۆى، سەرپەرشتیارانى کۆمپانیاکەى کردووە بە هاوبەش 

ئایا داهاتى ئەم کۆمپانیایە دەچێتە گیرفانى کێوە؟
وڵات لەوبارەیەوە لەناو کۆمەڵى ئیسلامى بەداواداچونێکى وردى کرد، ئەوەى بۆ دەرکەوت هیچ داهاتێکى ئەو کۆمپانیایە بەڕاستەوخۆ ناچێتە ناو خەزێنەى کۆمەڵى ئیسلامیەوە تەنانەت لەئاستى سەرکردایەتى کۆمەڵى ئیسلامیش ئەو پرسە نەک باس ناکرێت بەڵکو بەشێکى زۆریان بەو پرسە نازانن، بەڵام چەند کەسێکى نزیک لە عەلى باپیر لەوانە (محمەد حەکیم کارگێرى ئەنجومەنى سیاسى و ئەنوەر سەنگاوى ئەندامى مەکتەبى سیاسى) بەو کارە دەزانن شاردویانەتەوە، چەندین جاریش ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامى کاتێک قەیران بەرۆکى کۆمەڵى گرتووە بەناوى هاوکارى دەوڵەمەندانەوە پارەى ئەو کۆمپانیایەى بۆ خەزێنەى کۆمەڵى ئیسلامى گەڕاندووەتەوە.

دۆخى دارایى کۆمەڵى ئیسلامى؟
بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات_ کۆمەڵى ئیسلامى جگە لەهاوکارییەکى کەمى ماددى پەرلەمانتارەکانى و پشیتر سولفەیەکى مانگانەى لە ئێرانەوە وەردەگرت هیچ هاوکارییەکى ماددى نەماوە بۆیە بەقەیرانێکى سەختى داریدا تێپەڕ دەکات، تەنانەت زۆترین کارمەندى کە لە کەناڵى پەیام کۆبوتەوە دوومانگ جارێک نیو موچە وەردەگرن، ئەوەشى جێگەى نیگەرانى کادیرانى کۆمەڵى ئیسلامیە ئەو ناڕونیەیە لەداهاتى ئەو حیزبە هەیە کەس نازانێت چۆن پارەیە پەیدا دەکرێت بۆچى بەردەوام لەقەیراندان.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085