نوێترین

recent

02/07/2019

٢٠ جۆرى قومارى ئەلیکترۆنى لەبازاڕەکانى کوردستان هەیە



وڵات _ تایبەت
شەو نیە چەندین کەس بەگیرفانى بەتاڵەوە نەچنەوە ماڵ بەهۆى قورمارکردنەوە، بەتایبەیش ئێستا کە یاساى قومارى ئاسایى گۆڕاوە بۆ قومارى ئەلیکترۆنى بەجۆرێک سەرنجڕاکێشە گەنجان کەمەنکێشى دۆڕانى دەیان هەزار دۆلار دەکات.

سامى هەفتەى ڕابردوو ٢٠ هەزار دۆلارى دۆڕاندووە، ئەو کە خۆى ئەندامە لەهێزەکانى ناوخۆ بڕواى وابووە دەتوانێت پارەیەکى کاش بباتەوە چونکە کەسێکى شارەزایە لە یارى کۆنکەن، بەڵام دواجار پێچەوانە دەرچوو، بۆیە هەر ڕۆژێک دواى ئەوەى پارەیەکەى دۆڕاند، ئۆتۆمبێلەکەیان برد و ئێستاش موچەکە مانگانە دەبێت بداتەوە بە قوماربازەکان، ئەو هیچى پێندەوترا تەنها ئەوە نەبێت پەشیمانە، ووتى: "ڕۆژانە دەیان کەسى وەکو من توشى ئیفلاسى دێن".

قورماخانەیەک لە هەولێر

ئێستا یاساکانى قومار لە دەستەوە (کۆنکەن، گرەو، تەرەقە و میاو) گۆڕاون بۆ ئەلیکترۆنى، کە زیاتر ٢٠ جۆرى سیستمى جهانى قومارى ئەلیکترۆنى لەبازاڕەکانى کوردستان یارییان پێدەکرێت بۆ هەرکەسێکیش دەتوانێت تا یەک ملیۆن ٥٠٠ هەزار دۆلار بخاتە یارییەوە.

دهۆک ئێستا بووەتە ناوەندى قومار، پەیامنێرى وڵات، لەنزیکەوە چەندین گەنجى دهۆکى دواندووە لەوبارەیەوە، ئەوان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن چەندین شوێن لەدهۆک هەیە بۆ قومارکردن، گەنج هەیە تا ٦٠ هەزار دۆلارى دۆڕاندووە، ئەو گەنجانە زۆر جەختیان لەسەر ئەوە دەکردنەوە، لەم قومارەدا کەس براوە نابێت بەڵکو زۆرینە دۆڕاو دەبن.

جەمال کۆچەر ئەندامى پەرلەمانى کوردستان نیگەرانى خۆى نەشاردەوە بەرامبەر ئەو قومارە بێشومارەى دەکرێت لەپارێزگاکە کە بەرپرسانى شارەکە لێى بێدەنگن، ووتى: "خەسارەتێکى گەورە بەر گەنجانى دهۆک دەکەوێت و پارەکانیان دەچن بۆ کۆمپانیاکانى دەرەوە، بەڵام بەداخەوە هەموان خۆیان بێدەنگ کردووە".

تەنها دهۆک نیە، توشى ئەم دۆخە هاتووە بەڵکو لەسلێمانى و هەولێریش دەیان قورماخانە لەناو کافێکانى ئینتەرنێت و ئوتێلەکان بوونى هەیە.

قومارەکە بەجۆرێک ڕێکدەخرێت کەس براوە نەبێت جگە لەخاوەن قومارخانەکان

ماوەیەک لەمەوبەر لەناو ماڵێکدا ناوەندێکى گەورەى قومارى ئەلیکترۆنى دەستى بەسەردا گیرا، کە ٤ گەنجى کورد لە گەڵ چوار کچى کازاخستانى و تورکى و عەرەب سەرپەرشتیان دەکرد، کاتێک هێزەکانى پۆلیسى هەولێر هەڵیان کوتایە سەر شوێنەکە توشى شۆک هاتن، چۆن قومارخانەیەکى وەها گەورە بوونى هەیە، یەکێک لەو گەنجانەى دەستگیرکرابوو ووتى: "ڕۆژانە چەندین کەس لێرە قوماریان کردووە پارەیان دۆڕاندووە".
بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات، ئێستا قومارى ئەلیکترۆنى لەهەولێر لەڕێگەى گرەو بۆ پێشبینى یارییەکان و هاوکات بەڕێگەى ئۆنلاین لەڕێگەى پێگەکانى تایبەت بەقومار و ئامێرى تایبەت بە قومار ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەمەش کەسایەتیە بەناوبانگەکەکانى قومار دەچنە ئوتێل و ناوچە گەشتیارییەکان لەوێ قومار دەکەن کە بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات شەوانە ملیۆنەها دۆلار 
دەدۆڕێت، هاوکات لە کافێکان و چەند شوێنێکى لابەلاش یارى قومارى ئەلیکترۆنى دەکرێت.


بەڵام لە سلێمانى، ئوتێلە بەناوبانگەکان شوێنى حەوانەوەى قومارچییە گەورەکانە، دووکان جاران یەک ناوەندى قورماربوو، ئوتێل ئاشور شەوانە جمەى دەهات لەو قومارچییە بەناوبانگانەى کە لەسلێمانى و شارەکانى دیکەى عێراقەوە سەردانى ئەو قومارخانەیەییان دەکرد کە لەلایەن کچانى ڕوسى و چینیەوە میواندارى بەڕێوەدەبرا و قومارچى شارەزاى بیانى سەرپەرشتى قورەکەیان دەکرد، لەناوەندى شاریش و ئوتیل ئاشتى و پاڵاس ناوەندێکى گەورەى قومارچییەکان بوو، بەڵام ئێستا ئوتێل میراڵ لەدووکان و چەندین ئوتێل لەسەرچنار ناوندى گەورەى قومارى ئەلیکترۆنین.

کێ پارەى قومار دەباتەوە؟

لەسلێمانى و هەولێر و دهۆک، ئەوانەى یارى قومار دەکەن زۆرنەیان دۆڕاون، چونکە لەلایەن کەسانى شارەزاوە قومارەکان بەجۆرێک ڕێکدەخرێن کەس براوە نەبێت ئەوەش بۆ ڕێکخستنى قازانج، ئەوانەشى براوەن یان بۆ ریکلام هاوبەشى قومارخانەکەن یان چانسیان هەیە، بۆیە هەموو قورماچیەکان دۆڕاون ئەوە پارەیەشى دەیدۆڕێن کە ڕۆژانە لەسەرەتاسەرى کوردستان ملیۆنەها دۆلار دەکات دەچێتە گیرفانى چەند بەرپرسێکى دیاریکراوە کە خاوەنى ناوچە گەشتیارییەکانن.



Picsart-24-02-23-21-31-09-085