نوێترین

recent

03/07/2019

چەپ گەرایی


ئەرسەلان بایز

لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا، دوای سەركەوتنی شۆڕشەكانی چین و كۆریاو كوبا، دوای بەرفراوانبوونی قەڵەمڕەوی ڕێبازی كۆمۆنیستی لە جیهاندا، بیروباوەڕی ماركسی و چەپ گەرایی لەوپەڕی هەڕمێنیدا بوو. بەتایبەتی بۆ چین و گەل و نەتەوە چەوساوەو ژێردەستەكان. 

لە كوردستانیشدا چەندین ڕێكخراوو گروپ و كۆمەڵەی چەپ و ماركسی دروست بوون. كۆمەڵەی ماركسی لینینی گۆش كراو بە بیروباوەڕی (ماوتسی تۆنگ)، وەك ڕێكخراوێكی چەپی نەتەوەیی بەهێز هاتە گۆڕەپانی خەبات و تێكۆشان. لە كوردستانی ڕۆژهەڵاتیشدا كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان وەك ڕێكخراوێكی ماركسی لینینی بەهێز خۆی ڕاگەیاند. گوایە ئەو ڕێكخراوە چەپانە لە ئاكامی بێ ئەنجامیی حزبە بورژوازییەكان هاتنە كایەوە.

هەندێك لە سەركردەو كادیرە پێشكەوتووەكانی ئەو ڕێكخراوو گروپە چەپانە لە چینی مامناوەندو بورژوازی و بنەماڵەكان بوون، بۆیە هەوڵیاندەدا وەك چۆن لە ڕووی سیاسیەوە ئەندامی حزبێكی چەپ بوون دەیانویست لە ڕووی ڕوخسارو پراكتیكیشەوە وەك چینە چەوساوەكان ڕەفتار بكەن و دەربكەون و بژین.

كوڕە ئاغاكانی دەشتی دزەیی كە ئەوسا هەندێكیان لە زانكۆی بەغدا دەیانخوێند تێكەڵاوی ئەو حزب و گروپە چەپانە بوون. لە كاتی هاتنەوەیان بۆ گوندەكانی خۆیان جوتیارەكانیان لە باری ناهەموارو چەوسانەوە هۆشیار دەكردەوەو هانیان دەدان جوتیارانە نەدەن بە باوكیان. هەندێكی تر لە كوڕە زەنگینەكان جلی سادەو جار جارە كۆن و دڕاویان لەبەر دەكرد. لە كوردستانی ڕۆژهەڵاتیشدا دەچوونە كورەی گەچ و تا كونە لوتیان دوكەڵ دایدەپۆشین. 

منیش ئەگەر چی لە خێزانێكی مام ناوەندی بووم. بەڵام بە بنەماڵە ئاغای دزەیی بووین. بێئاگایانە هەمان ڕەفتاری كوڕە ئاغا چەپەكانی پێش خۆم پیادە دەكرد. دۆست و برادەرەكانی قوتابخانەو گوندەكەی خۆمان كوڕە جوتیارو چەوساوەكان بوون. لە یاری بالەو باسكەی قوناغی خوێندنی ناوەندیشم لە شارۆچكەی (دیبەگە) هەمیشە لە گروپی جوتیارەكان بووم. زۆربەی كاتەكانم لە هەولێر لە چایخانەی كرێكاران دادەنیشتم و دۆستایەتیم لەگەڵ دەیان كرێكارو حەماڵی شاری هەولێر هەبوو.

جارێكیان بە ڕێكەوت من و (قاسم عەزیز) لە شاری هەولێر یەكترمان دۆزییەوە، ئەوسا بەندە لە كۆمپانیای پەلەوەری هەولێر فەرمانبەر بووم. هەردووكمان ئەندامی كۆمەڵە بووین. گوایە بۆ شكاندنی نەفسیەتی بورژوازییانەی خۆم (قاسم)یشم ناچاركرد هەردووكمان لە گەڕانەوەمان بۆ شارۆچكەی (دیبەگە) بە پیكاب بڕۆینەوە. پشتی پیكابەكە چەندین ژن و مناڵ و كەلوپەلی تێدابوو. ڕێگاكەش هێشتا قیرتاو نەبوو. ڕێگایەكی یەك سەعاتی گڵ پڕ لە تاسەو چاڵ و چۆڵ. بۆیە هەتا گەیشتینەوە (دیبەگە) تۆز كونە چاویشی داپۆشیبوین.

كاتێ دابەزین ویستمان بچینە چایخانەیەك و دوو گۆلم ئاو بە دەم و چاوماندا بكەین و خۆمان لەو تۆزو خۆڵە پاك بكەینەوە. بە ڕێكەوت (مام مەحمود)ی مامم لە چایخانەكە دانیشتبوو. كاتێ ئێمەی بەو دیمەنە سەیرە بینی، گورج هەڵسایەوە سەر پێ و بە توندی بەرەو ڕووم هات. وتی: ئەمە چیە… بۆچی وات لە خۆت كردووە…؟ چاوت لێیە بوی بە فیلم. وەڵڵاهی وە بیللاهی جارێكی تر ناماقولی ئاوا بكەیت و بە پیكاب سەفەر بكەیت هەردووك چاوت دەردەهێنم.

بەڵام بەداخەوە دنیای سیاسەتی ئەمڕۆی چەپەكانی جاران نكۆڵی كردنە لە ڕابردووی خۆیان. خۆدەرخستن و ڕەفتاریان لاساییكردنەوەی بنەماڵەكانە. بوون بە بنەماڵەش پێویستی بە دەیان و سەدان ساڵ و كۆمەڵێ نەریتە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085