ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕووداوێكی سەردەمی نووسینەوەی دەستور لە بەغدا دەگێڕێتەوە و دەڵێت: “لەسەر نووسینی وتارێكی توند دژی مام جەلال، مەسعود بارزانی توڕە دەبێت و بە سەرنووسەری ڕۆژنامە دەڵێت: دوای داخستنی ئەم تەلەفۆنە یەكسەر شڕوشیتاڵت كۆدەكەیتەوە و دەست بەجێ نووسینگەی ڕۆژنامەكە جێ دەهێڵی”.
ئەرسەلان باییز، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و سەرۆكی پێشووتری پەڕلەمانی كوردستان لە نووسینێكدا، كە لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ بڵاوكراوەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە، “لەو سەرو بەندەدا لە گەرمەی بگرەو بەردە و گفتوگۆ سەخت و توندەكانی نێوان تیمە یەكگرتووەكەی گەلی كورد لەگەڵ عەرەبەكان، ڕۆژنامەی (التأخی) وتارێكی توندی ڕەخنە ئامێزی بێ سەروبەری لەسەر جەنابی (مام جەلال) بڵاوكردبۆوە، كاتێ جەنابی كاك (مەسعود بارزانی) چاوی بە وتارەكە دەكەوێت زۆر ناڕەحەت و توڕە دەبێت و ئاگر دەكاتەوە، یەكسەر فەرمان بە دەوروبەرەكەی دەدات سەرنووسەری ڕۆژنامەكەی بۆ وەربگرن”.
ئاشكراشی كردووە، “كاك (مەسعود) بێ یەك و دوو بە توڕەبوونێكی بێ ئەندازە بە سەرنووسەرەكە دەڵێ: دوای داخستنی ئەم تەلەفۆنە یەكسەر شڕوشیتاڵت كۆدەكەیتەوە و دەست بەجێ نووسینگەی ڕۆژنامەكە جێ دەهێڵی. كاك (مەسعود) لەسەر قسەكانی بەردەوام دەبێت: تۆ بە چ هەقێك بە چ عەقڵ و لۆژیكێك لەم بارودۆخە دژوارەدا ئەو جۆرە وتارانە لەسەر (مام جەلال) دەنووسیت…؟ (پیاوی گەورە هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەكرێت). ئێمە لێرە ڕۆژانە وەكو یەك تیم هیلاك و ماندو و شەونخونی دەكەین، مەڵۆ مەڵۆ كۆی دەكەینەوە. لە هەوڵی چەسپاندنی خاڵێكی باشین لە دەستوری عیراقدا تۆش نەزانانە دەتەوێ ئاگر بەربدەیتە خەرمانی ماندووبوونەكەمان”.
ئەرسەلان باییز نووسیویەتی، “دیارە سەرنووسەرەكە بە هۆی هەقی و دروستی قسەكانی كاك (مەسعود) و توڕە بوونەكەی متەق لە دەمی نایەتە دەرەوە، دوای تەواوبوونی تەلەفۆنەكە بە شكستی و ناڕەحەتیەكی زۆرەوە كەل و پەل و جانتاكەی كۆ دەكاتەوە و دەست بەجێ ڕۆژنامەكە جێ دەهێڵێ”.
دەشڵێت: “دوای دوو ڕۆژ لە سەرگەردانی و بیركردنەوەی چۆنیەتی ڕاست كردنەوەی هەڵەكانی، دوای پێداچوونەوە بە هزری خۆی بیرۆكەی سەردانی (مام جەلال)ی دەكەوێتە بەر سێرەی خەیاڵی. هەر چۆنێ بێ خۆی دەگەیەنێتە بارەگای نیشتەجێ بوونی (مام)، دوای داوای لێبوردن. ئیتر وەكو خۆی بەسەرهاتەكان بۆ (مام جەلال) دەگێڕێتەوە. (مام)یش یەكسەر پێی دەڵێ: كوڕم ئەوە من عەفوم كردی (لێبوردەیی پیاوی گەورە) بەڵام بۆچی وا دەكەن. ئێمە هەموومان بەیەكەوەش ناتوانین تەواوی مافەكانی گەلی كورد لە دەستوری عیراقدا جێگیر بكەین جا چ جای دووبەرەكی و لەیەكتر ترازانمان. كابرای سەرنووسەر هەر بەوە ڕازی نابێت دەڵێ: بەڵكو لای (كاك مەسعود)یش شەفاعەتێكم بۆ بكەیت. (مام)یش دەڵێ: خەمت نەبێت ئەوەشت بۆ دەكەم”.
ئەرسەلان باییز مەبەستی لەوەیە، “ڕەمز و پیاوە گەورەكان گیانی لێبوردەیی و هەست كردن بە لێپرسراوێتی گەورەیان لە ئەستۆیە. هەڵوێستی لێبوردەیی و خەمخۆریی یەكڕیزی گەلی كوردی ئەو دوو جوامێرە بۆ ئەو پانزە ساڵەی ڕابردوو خەرمانێكە و ئەبێ هەموومان لێیانەوە فێربین”.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی داواش دەكات، “هەقە ڕۆژنامە و گۆڤار و شاشەی تەلەفزیۆنەكانیش هۆكاری تەبایی و برایەتی ڕیزەكانی گەل بن نەك چاندنی تۆوی دوو بەرەكی و بەنزین بە ژیلەمۆداكردن و سوتاندنی خەرمانی دەیان ساڵەی بەری خوێنی شەهیدان”.
