نوێترین

recent

12/06/2019

کۆنگرەى یەکێتى لە مەحەکى وڵاتدا.. کێ لەم کۆنگرەیە بەختى یارە؟





وڵات _ تایبەت

هەموو پێشبینیەکان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کۆتایى ئەمساڵ یەکێتى کۆنگرەى خۆى دەبەستێت، ئەوەش پاش ئەوەهات ئەنجومەنى ناوەندى یەکێتى لەژێر فشارى بەشێک لە بەرپرس و ئۆرگانەکاندا سەرقاڵى ئامادەکارییە بۆ کۆنگرەى چوارەم.

یەکێتى نیشتمانى کوردستان ساڵى ٢٠١٠ کۆنگرەى سێهەمى خۆى بەئامادەبوونى سکرتێرى کۆچکردووە مام جەلال تاڵەبانى ئەنجامدا، ساڵى ٢٠١٤ کە کاتى کۆنگرە بوو پلنیۆمێکى گریدا و بڕیاربوو کۆنگرە ببەستێت بەڵام بەبیانوى شەڕى داعش و قەیرانى داراییەو کۆنگرەى دواخست.

"کۆنگرەى داهاتووى یەکێتى کۆنگرەیەکى کاریگەر و جیاواز دەبێت" 

بەگوێرەى ووتەى ئەنجومەنى ناوەندى یەکێتى نیشتمانى، لەسەرەوە تا بنکەى جەماوەرى یەکێتى ئێستا هەمویان بەیەک دەنگ بڕوایان بە کۆنگرە هەیە بۆیە ئەنجومەنى ناوەندى هاتووەتە سەر ئەو بڕوایەى، "کات کاتى کۆنگرەیە و دۆخەکە لەبارە".


کێ بڕیارى کۆنگرە دەدات؟
ئەنجومەنى ناوەندى یەکێتى نیشتمانى کە (دەسەڵاتێکى چاودێرییە هاوشێوەى پەرلەمان) بڕیارى کۆنگرەى بەدەستە، پاشان بڕیارەکە بەرز دەکرێتەوە بۆ سەرکردایەتى یەکێتى و ئەنجومەنى ناوەندى ئەو حیزبە بۆ بەستنى کۆنگرە، بۆیە دەبێت هەرسێ دەسەڵاتەکە ڕەزامەندى لەسەر کۆنگرە دەربڕن و کاتەکەى دیارى بکەن.



بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات میدیا_ ئێستا هەڵمەتێکى فراوان لەناوخۆ و دەرەوەى یەکێتى بۆ ئەنجامدانى کۆنگرە بەڕێوەدەچێت، لەئاستى ئەنجومەنى ناوەندى پەیڕەوى ناوخۆى یەکێتى ئامادەکراوە و دابەشکراوە بەسەر ئۆرگانەکاندا بۆ ئەوەى ڕەخنەکان چین لەپەیڕەوەکە کارى لەسەر بکرێت بۆ هەموارکردنەوە.

هاوکات لیژنەکانى ئامادەکاریش بەهەمان شێوە سەرقاڵى ئامادەکارییەکانى دیکەى کۆنگرەن، بۆ کۆتایى ئەمساڵ، ئەوەش پاش ئەوەى حکومەت پێکهات و پرسى کەرکوک یەکلایى کرایەوە.

پێشبینى هەیە ٣٠% ى گۆرانکارى بەسەر ئۆرگانەکان بێت

یەکێتى کەى گۆنگرە دەبەستێت؟
عەتا سەراوى ئەندامى ئەنجومەنى ناوەندى یەکێتى پێشتر ئەوەى وتبوو، یەکێتى نیشتمانى کوردستان تا دواى یەکلایکردنەوەى پڕۆسەى حکومەت ناتوانێت کۆنگرە ببەستێت.
ئەوەش پەیوەستە بەکلایکردنەوىى پۆستەکانى لەهەولێر و بەغداد، بەتایبەتیش پۆستى پارێزگارى کەرکوک کە بەلای یەکێتى بەتایبەت بەشێکى یەکێتیەوە زۆر گرنگ و کاریگەرە.

بۆیە پێشبینى بەهێز ئەوەیە کۆنگرەى یەکێتى، بگاتە کۆتایى ئەمساڵ.

بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات _ کە لەچەند سەرچاوەیەکى جیاواز لەناو ئەو حیزبەوە کۆى کردووەتەوە، گۆنگرەى داهاتووى یەکێتى کۆنگرەیەکى جیاواز و چارەنوسساز دەبێت بەوپێیەیى ئێستا دۆخەکان تەواو گۆڕاون و دەرکەوتەى نوێ لەناو یەکێتى هاتووەتە پێشەوە، بۆیە ئەگەرى بەهێز هەیە گۆرانکارى لەناو یەکێتى دروست بێت و بەشێک لەو سەرکردایەتى و مەکتەبى سیاسیەى ئێستا هەیەتى پڕبکرێتەوە و یان بەشێکیان کە گومانى پارتى بوون یان هاوبۆچونیان لەسەرە کۆنگرە بیانرێتەوە ماڵەوە.


"لاهور شێخ جەنگى و بافڵ تاڵەبانى براوەى ئەم گۆنگرەیە دەبن"

کێ بەختى یارە؟

بەگوێرەى چەند ڕاپرسییەکى گشتى  لەناو ڕێکخستنەکانى یەکێتى کراوە، دوو سەرکردەى گەنج لەپێش هەموو ئەو کاندیدە بەهێزانەوەن ئێستا ڕێکخستنیان بەدەستەوەیە ئەوانیش هەریەکە (لاهور شێخ جەنگى سەرۆکى ئاژانسى پاراستن و زانیاری، بافڵ تاڵەبانى کوڕى سکرتێرى پێشووى یەکێتى).

سەفوان سەیفەدین، یەکێکە لەکادیرە ناوەندییەکانى یەکێتى لەشارى کەرکوک، ئەوەى بۆ وڵات _ ڕونکردەوە شارى کەرکوک جیاواز لەهەموو شارەکان جۆش و خرۆشى کۆنگرەیەتى بۆ خۆ ڕێکخستنەوە و کارکردن بۆ ئەو مەبەستەش چاویان لەسەر ئەو سەرکردانەیە کە بەرگریان لەکەرکوک کردووە، ووتى: "لەکەرکوک شێخ لاهور لەناو ڕێکخستنەکانى یەکێتى بەهێزترین پێگەى هەیە بەهۆى ئەو بەرگریەى پێشتر لە بۆنە جیاوازیەکاندا لەکەرکوکى کردووە".

بەگوێرەى پێشنیەکان ئێستا بەشێوە عەفوەى لەنێو یەکێتى دەکرێت، گۆڕانکارى لەکۆى ئۆرگانەکانى یەکێتى دەکرێت، کە پێشیبنیەکان بۆ ئەوەدەچن، گۆرانکارییەکان بگاتە ٣٠ بۆ ٤٠% ئەمەش بەڕاى ئەوان دوى ئەو تەوژمە خراپانەى لەیەکێتى دا وادەکات کۆنگرەیەکى بەهێز چاوەڕوانى ئەو حیزبە بکات.



پۆستى سکرتێرى گشتى چى لێدێت؟

دواى کۆچکردنى مام جەلال سکرتێرى پێشووى یەکێتى نیشتمانى کوردستان ئەو پۆستە ئێستا بەفەراغى ماوەتەوە، بەڵام لەناو ڕێکخستنەکانى یەکێتى پێشبینى بەهێز نیە بۆ پڕکردنەوە لەم کۆنگرە و تەنانەت کۆنگرەى داهاتووش، بۆیە سیستمى بەڕێوەبردن بەگروپ لەناو یەکێتى پەیڕەو دەکرێت، واتە ئەنجومەنێکى بەڕێوەبردنى باڵاى خاوەن دەسەڵات دروستدەکرێت  وەکو ئەنجومەنێکى ڕاوێژکارى، ئەو ئەنجومەنە دەسەڵاتەکانى سکرتێرى گشتى دەگرێتە دەست


شیکردنەوەى نوسەر:
ئەم کۆنگرەیە کۆنگرەیەکى گرنگ دەبێت بۆ یەکێتى نیشتمانى کوردستان، وە تێیدا گەنج بەشێوەیەکى گشتى دێتە پێشەوە، ئەو ماوەى چەندین ساڵە زەمینەسازى بۆ دەکرێت، بۆیە لەم کۆنگرەیەدا بەختى ئەوانە ئاوادەبێت کە نزیکن لەپارتیەوە، خۆرى ئەوانەش هەڵدێت کە لەماوەى چوارساڵى ڕابردوودا یەکێتیان هێناوەیە سەر گۆڕەپانە کردیانەوە بەڕکابەرى پارتى. 


Picsart-24-02-23-21-31-09-085