نوێترین

recent

07/06/2019

یەکێتى سێ ناوى دیکە بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک پێشنیاز دەکات



دواى راگرتنى شەڕى راگەیاندن و ئەو نێوەندگیرییانەى لەنێوانیاندا کرا، چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ شەممە شاندى یەکێتى و پارتى لە هەولێر کۆببنەوە و یەکێتیش سێ ناوى دیکە بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک پێشنیاز دەکات.

دوێنێ پێنحشەممە مەکتەبی سیاسى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بەسەرپەرشتی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح لە سلێمانی کۆبوەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو دەستپێشخەرییانەی لەچەند رۆژی رابردودا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کراون، بەپێى دواین زانیارى کە لە سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە بڵاوکراوەتەوە هەردولا لەسەر ئاستى مەکتەبى سیاسى پەیوەندییان ئەندامداوە و پەیوەندییەکانیان بەرەو هێمنبونەوە دەچێت و لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە سبەینێ شەممە، شاندى هەردولا لە هەولێر کۆببنەوە.

بەپێی زانیارییەکان لەو بەرەوپێشچونە نوێیانەدا یەکێتى سێ ناوى نوێى ئامادە کردوە بۆ پارێزگارى کەرکوک و بۆ وەرگرتنى بۆچونى پارتى لە کۆبونەوەکەى سبەینێدا پێشکەشى شاندى پارتى دەکات، ئەوانیش؛ لیوا جەمال بەڕێوەبەرى پێشوترى پۆلیسى کەرکوک، خالید شوانى پەرلەمانتارى پێشوى یەکێتى لە بەغدا و راوێژکارى سەرۆک کۆمارى پێشو، هاوکات مامۆستایەکى زانکۆ-ش لەنێو کاندیدەکاندایە، بەڵام هەردولا لەسەر ناوێک رێکدەکەون کە بەپێى زانیارییەکان لەو ناوانەدا خالید شوانی چانسى زیاترە.

ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی (28/5/2019) بە پاساوی یەکلایی نەکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، فراکسیۆنی یەکێتی بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانی کرد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پارتیش تۆمەتباری کردن بەوەی پاشگەزبونەتەوە لە رێککەوتنەکانی نێوانیان.

هەروەک بڕیارە رۆژی دوشەممەی داهاتو (10/6/2019) پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی ئاسایی خۆی لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا بە بەشداریی میوانانی ناوخۆ و دەرەوە ئەنجامبدات بۆ رێوڕەسمی دەستبەکاربون و سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لە هەمان دانیشتندا پەرلەمان کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ناودەنێت بۆ ئەوەی لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم رابسپێردرێت و بەوهۆیەوە هەوڵ دەدرێت لە دو رۆژى داهاتودا و پێش بەڕێوەچونى ئەو دانیشتنە پرسى پارێزگارى کەرکوک و ئاسایى بونەوەى پەیوەندییەکانى ئەو دو حیزبە یەکلا بکرێتەوە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085