نوێترین

recent

22/06/2019

نێچیرڤان بارزانی هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ دۆسییەكەی نەجمەدین كەریم دەدات


سەرچاوەیەكی كوردی ئاگادار ئاشكرایكرد، سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، ڕێخۆشكردنە بۆ سەردانێكی دیكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پایتەختی عێراق.

سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەوڵی چارەسەری كێشەكەی پارێزگاری پێشووی كەركوك نەجمەدین كەریم دەدات‌و بۆ ئەوەش قسەی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە.
سەرچاوەكە بۆ "بەغداد ئەلیەوم" رایگەیاندووە، نێچیرڤان بارزانی لەبەغدا دۆسیەی نەوت و بودجە تاوتوێكردووە، هەوڵیش دەدات لە پرسی نەجمەدین كەریمدا، كە داواكراوی دادگای عیراقییە، باوەڕ بە بەغدا بكات، بۆ ئەوەی كۆتایی بەو كێشەیە بهێنێت، كە ماوەیەكە بەردەوامە.

ئەمەش دوای ئەوە هات عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیری عێراق، لە دوا كۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی خۆیدا باس و خواسی لە بارەی پرسەكەی نەجمەدین كەریم كرد.
سەرچاوەكە راشیگەیاند، ئەو پرسانەی پەیوەستن بە نەوت و واژووكردنی ڕێككەوتننامەكان لە دەسەڵاتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستاندان، بۆیە سەردانەكەی نیچیرڤان بارزانی ڕێخۆشكەرە بۆ سەردانی ئایندەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدای پایتەخت.

سەرچاوەیەكە ئەوەشی راگەیاندووە، خودی نێچیرڤان بارزانی دەستتێوەردانی كردووە لەپێناو كۆتاییهێنان بە پرسەكەی نەجمەدین كەریم لای پۆلیسی ئەنتەرپۆڵ، كە مانگی رابردوو لەبەیروتی پایتەختی لوبنان دەستگیریان كرد.
بەپێی سەرچاوەكە، نەجمەدین كەریم لە لایەن پۆلیسی ئەنتەرپۆڵەوە پاسپۆرتە عێراقی و ئەمریكییەی ڕادەست كراوەتەوەو ئاماژەی بەوەش كردووە، نێچیرڤان بارزانی  بەڵێنی بە نەجمەدین كەریم داوە ئەو پرسەی لەگەڵ حكومەتی ئیتحادی و دەزگای دادوەری عێراقیدا بۆ یەكلایی بكاتەوە و كۆتایی پێبێنێت، ئەمەش لەرێگەی هەماهەنگیكردن لەگەڵ دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەكانی عێراقەوە.
هەروەها داواشی لە عەبدولمەهدی كردووە لێدوانەكانیان لە بارەی پرسی كەركوك و نەجمەدین كەریمەوە كەمبكەنەوە، ئەمەش لە پێناو ڕێخۆشكردن بۆ نەجمەدین كەریم، كە دووبارە بگەرێتەوە ناو كاری سیاسی.

دادگای تێهەڵچوونەوەی كەركوك لە 23 ی ئایاری 2018 فرمانی گرتنی بۆ نەجمەدین كەریمی پارێزگاری پێشووی كەركوك دەركرد، فرمانیشی كرد بە پێی یاسا دەست بەسەر ماڵ و موڵكی گوازراوە و نەگوازراوەی ناوبراودا بگیرێت، ئەمەش بە تۆمەتی هاندانی خەڵك دژ بە هێزەكانی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ بۆ بەرلێگرتنیان كە بێنە ناو كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانەوە. 


ئامادەكردن: لوقمان حاجی قادر
Picsart-24-02-23-21-31-09-085